میدیایەکی ئێرانی: لە سنووری كرماشان 43 ملیۆن دۆلار گەندەڵی کراوە

 میدیایەکی ئێرانی: لە سنووری كرماشان 43 ملیۆن دۆلار گەندەڵی کراوە
میدیایەکی سەر بە سوپای پاسداران بەهۆی گەندەڵیی دارایی لە گومرگی پەروێزخانی سەر بە پارێزگای کرماشان، باس لە دەستبەسەركردنی10 كارمەندی گومرگ لەو سنوورە دەکرێت.

ماڵپەڕی تەسنیم، سەر بە سوپای پاسداران و لە ڕەخنەگرانی حکوومەتی حەسەن ڕۆحانی، ڕۆژی ڕابردوو بڵاوی کردووەتەوە کە 10 كەس لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەهۆی گەندەڵیی گەورەی گومرگی دەستبەسەر كراون و شیمانەی ئەوەش دەكرێ بەهۆی ئەم گەندەڵییە گەورەیەوە كەسانی دیكەش دەستبەسەر بكرێن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم كەسانە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 43ملیۆن دۆلار لە پارەی حکوومەتیان خواردوە.

هەروەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "دەگوترێ ئەوان ئاسانكارییان بۆ قاچاغچییەكان و هێنانی 8هەزار تۆن ئاڵكۆڵی سپی بۆ نێوخۆی ئێران کردووە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، دەستبەسەركراوان بواریان تێپەڕین بۆ ٢ هەزار لۆری خۆش کردوە کە ئەوان بێ هیچ پشکنینێک كاڵای قاچاغیان بۆ ئێران گواستووەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە فەریدە زۆبەیدی، بەڕیوەبەری گشتیی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو کە گومرك بە هەواڵدەریی خوێندكارانی ئێرانی ڕاگەیاند كە بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستبەسەركرانی10 كەس لە كارمەندانی گومركی پەروێزخان لە هەلومەرجی ئێستا "جێی سەرسوڕمانە" و تەنیا بە مەبەستی "ورووژاندنی ڕای گشتی"یە.

ئەو دەڵێ ئەم كەسانە لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ساڵی2013ی هەتاویدادا ئەم تاوانەیان کردووە و كاتی ئاشكرابوونی ئەم گەندەڵییە و دروستكردنی پەروەندە بۆ تاوانباران ساڵی 2014 بووە، ئیدی بۆ ئێستا هەواڵەکەی باس دەکرێ تەنیا بە زەبرلێدان لە دەوڵەتە.

ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یەكەمی حەسەن ڕۆحانی، سەركۆماری ئێرانیش ڕۆژی 2ی خەرمانان گەندەڵیی ئابووری لە ئێرانی بە خۆرکە ناو برد و گوتی ئەگەر بەرەنگاری نەبنەوە، دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی تێكەوە دەپێچێ.

لەلایەکی گەندەڵیی ماڵی و ئابووری لە ئێران بووەتە کەرستەی شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی هێز و لایەنە سیاسی و ڕکەبەرەکان لەگەڵ یەکتری.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دژبەرانی کابینەی حەسەن ڕۆحانی دۆسیەی حقووقیی لەڕادەبەردەر و گەندەڵیی ئابووریی برای سەركۆماریان ئاشكرا كرد و لەلایەكی دیكەوە حکوومەت و لایەنگرانیشی باس لە خواردن و بەتاڵانبردنی ماڵ و ئابووریی دەوڵەت لە سەردەمی سەركۆمایی ئەحمەدی نژاددا دەكەن.

گەندەڵیی 22 ملیۆن دۆلاری لە سندووقی پاشەكەوتی فەرهەنگیان و پێدانی زیاتر لە یەك میلیۆن و 100 هەزار مەتریی زەوینی چوار گۆشە بۆ ڤێلا و ئاپاڕتومان بە بڕی دوو ملیۆن دۆلار لە موڵكی گشتیی شارەوانی بە شێوەی نایاسایی بە نزیكانی ئەم ناوەندە لە ئەنجومەنی شاری تاران و هێندێك لە پەرلەمانتاران، چەند نموونە لە دوایین گەندەڵییە ماڵی و ئابوورییەکانن کە لە، دواییانەدا لەقاو دراون.














Top