سعوودیە: ئێران ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان ناگرێت
بەپێی هەواڵ و زانیاریی میدیا ئێرانییەکان لە بەرانبەر ئەو قسانەی وەزیری دەرەوەی سعوودیە، بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاندووە "تۆمەتەکانی لێپرسراوانی ڕیاز لەدژی ئێران "لەڕادەبەدەر دووپاتە و جێگەی نیگەرانین."
بەپێی هەواڵی تۆڕی ئەلجەزیرە، عادل ئەلجوبەیر کە بە سەردان لە وڵاتی ژاپۆنە، گوتوویەتی "کاتێک ئێران درێژە بە پشتیوانییەکانی لە حکوومەتی سووریا، حزبوڵڵای لوبنان و میلیشیا شیعە حووسییەکان دەدات، بە کردەوە یاسا نیودەولەتییەکان پێشێل دەکات."
ئەوەشی ڕاگەیاندووە "ئێمە دەبینین ئێران دەستێوەردانی کاروباری سووریا دەکات و پاڵپشتی حزبوڵڵا و حووسییەکانی یەمەن دەکات و هاوکات لەو ئۆپەراسیۆنانەی کە سەقامگیریی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە، ڕۆڵێ سەرەکی دەگێڕێت، بە ڕوون و ئاشکرا بێڕێزی بە یاسا نیودەولەتییەکان دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی یەکی دەنگ و ڕەنگی ئێران، لە کاردانەوە بەو قسانەی وەزیری دەرەوەی سعوودیە، هاتووە "ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانەی بەرپرسانی سعوودیە بەتایبەت عادل ئەلجوبەیر لەدژی ڕۆڵ و هەوڵە بنایاتنەرانەکانی ئێران لە ناوچە، بەداخەوە زۆر دووپاتە و جێگەی نیگەرانین."
لە درێژەدا هاتووە "باشتر وایە سعوودیە پێداچوونەوە بە ڕەفتارەکانی لە ناوچەدا بکات و زەروورییە کە لەباتی وەهم، ئاقڵانەتر بڕیار بدات."
کێشە و ناکۆییەک سیاسی، دیپلۆماسی، مەزهەبی و سەربازییەکانی ئێران و سعوودیە لەبارەی پرس و پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا زیاتر تەشەنەیان سەندووە.
لە حاڵیکدا ئێران پشتیوانی لە حکوومەتی بەشار ئەسەد دەکات، سعوودیە پشتیوانی گرووپ و لایەنەکانی دژبەری سووریایە، لەیەمەنیش هاوپەمانیی عەرەبی بە ڕێبەریی سعوودیە کە پاڵپشتی لە سەرکۆماریی فەرمیی ئەو وڵاتە دەکەن و لە بەرانبەدا ئێرانیش پاڵپشتیی لە میلیشیا شیعەکانی حووسی دەکات.
باسنيوز
