دەمیرتاش: شەوى کودەتاکە کۆپتەرێک چووەتە ئیمڕاڵى و شەڕ ڕوویداوە و چارەنووسى ئۆجەلانیش نادیارە
ئەمڕۆ ٢ى ئەیلولی ٢٠١٦ سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە کاتى کردنەوەى پرۆژەى بیناى خزمەتى شارەوانیى شارى وانى باکوورى کوردستان ڕایگەیاند، لە شەوى کودەتاکەى ١٥ى تەمووزدا، کۆپتەرێک هەوڵیداوە لە دوورگەى ئیمڕاڵى بنیشێتەوە، بەڵام پێکدادان لە دوورگەکەدا ڕوویداوە و تا ئێستاش ئەنجامى ئەو پێکدادانە نازانرێت و ئەو سەربازانەشى هەڵهاتن بۆ وڵاتى یونان هەوڵیاندابوو لەو کۆپتەرەوە لە دوورگەى ئیمراڵى پیادە ببن.
دەمیرتاش ئاماژەى بەوەشکرد "ئێمە نازانین ئۆجەلان لە ژیاندا ماوە یان نا، چونکە لە شەوى کودەتاکەدا پێکدادان لە دوورگەى ئیمڕاڵى ڕوویداوە و ئەو سەربازانەى هەڵهاتن بۆ یونان هەوڵیدانابوو بە کۆپتەرێک لە دوورگەى ئیمڕاڵى بینشێنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامى ئەو پێکدادانە دیار نییە و هیچ هەواڵێکیش لەبارەى چارەنووسى ئۆجەلانەوە لە بەردەستدا نییە".
هاوسەرۆکى هەدەپە ئەوەشى خستەڕوو "بۆ ئەوەى هەواڵێک لەبارەى بارودۆخى ئۆجەلانەوە دەستبخەین دەبێت بنەماڵە، پارێزەرەکانی و شاندێک سەردانى ئیمراڵى بکەن. هیچ داواکارییەکى دانوستان و دیالۆگمان نییە، بەڵکو ئێمە دەمانەوێت لە دۆخى ئۆجەلان ئاگادار بین".
پشتیوانى لە ئۆجەلان
ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژى ٣١ى ئابی ٢٠١٦ حزب و لایەنەکانی پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە)، کۆنگرەى جڤاکى دیموکراتى (کەجەدە)، پارتى دیموکراتیى هەرێمەکان (دەبەپە)، کۆنگرەى دیموکراتیکى گەلان (هەدەکە)، کۆنگرەى ژنانى ئازاد (کەژەئا) لەبارەى چارەنووسى ئۆجەلانەوە لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا لە شارى ئامەد ڕایانگەیاند، ماوەى ٥١٠ ڕۆ ژە هیچ هەواڵێکیان لەسەر ئۆجەلان نییە و هیچ کەس نەیتوانیوە چاوى پێى بکەوێت و ئەگەر تاوەکو ڕۆژى ٥ى ئەیلولی ٢٠١٦ هیچ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجام نەدرێت، ئەو ٥٠ کەسى خۆبەخش لە پێناو چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلان و بینینیدا مانگرتنى بێسنوور ڕادەگەیەنن.
لەو کاتەدا ئاماژە بەوەشکرابوو، جگە لەوەش ٤٦ ڕۆژ بەسەر کودەتاکەدا تێپەڕیوە و لە کاتى کودەتاکەدا ژمارەیەک لە کودەتا چییەکان لە ئیمراڵیدا کەتبوونە جموجوڵ و ئەوەشى کە تا ئێستا ڕێگا نەدراوە کەس ئۆجەلان ببنێت نیگەرانیییەکانى لەبارەى دۆخى ئۆجەلانەوە زیاتر کردووە.
کودەتاکەى تورکیا
شەوى ٢٤ى تەمووزی ٢٠١٦ سوپاى تورکیا کودەتایەکى ئەنجامدا و بە فڕۆکە بیناى پەرلەمان، وەزارەتى ناوخۆ، بیناى دەزگاى هەواڵگریى تورکیا (میت) و چەند شوێنێکى دەورووبەرى کۆشکى سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیایان بۆردومان کرد. چەند کەسێکیش لە کودەتا چییەکان هێرشیان کردبووە سەر شوێنى مانەوەى ئەردۆغان و بۆ ماوەیەکیش دەستیان بەسەر ڕێگاى سەرەکییەکانى ئیستانبول و ئەنقەرە و فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى ئیستانبول و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنى حکومەتى تورکیا (تى ئار تی)دا گرت.
لەو شەوەدا بەهۆی کودەتاکەوە نزیکەی ٣٠٠ کەس کوژران و هەزار و ٤٢٣ کەسیش بریندار بوون.
لە دواى کودەتاکە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ماوەى سێ مانگ بارى نائاسایى ڕاگەیاند و لە دواى کودەتاکەشەوە نزیکەى ٥٠ هەزار کەس لە کارەکانیان دەرکراون، یان دووخراونەتەوە. نزیکەى ٢٠ هەزار کەسیش دەستگیر و زیندانى کران.
عەبدوڵا ئۆجەلان کێیە؟
عەبدوڵا ئۆجەلان لە ٤ی نیسانی ١٩٤٨ لە گوندی ئامارا (عومەرلی) لە شارۆچکەی سروجی سەر بە پارێزگای ڕحا (ئۆرفە)ی باکووری کوردستان لە دایکبووە.
ئۆجەلان لە دواى تەواوکردنى خوێندن لە ناوچەکەیان بەشدارى لە تاقیکردنەوەى زانکۆدا کرد و بۆ خوێندن لە کۆلێژى زانستە سیاسییەکانى شارى ئەنقەرە دەرچوو. لە شارى ئەنقەرە بەشدارى لە کارى کۆمەڵە جۆراجۆرەکان و چەپەکاندا کرد. بۆ ماوەیەکیش سەرۆکایەتیى کۆمەڵەى خوێندکارانى ئەنقەرەى لە ئەستۆ گرتبووە و بەهۆى چالاکییەکەوە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت و بۆ ماوەى شەش مانگ زیندانى دەکرێت.
ئۆجەلان لە دواى ئەزموونەکانى کارکردنى لەگەڵ ئەو کۆمەڵە جۆراجۆرانەدا لە ساڵى ١٩٧٤ بڕیار دەدات لەگەڵ هەر یەک لە کەماڵ پیر، حەقى قەرار، مەزڵوم دۆغان و محەمەد خەیرى دورمش گروپێک دروست بکات، کە شێوەى کارەکانى لە کۆمەڵە و گروپە باوەکانى تورکیا و کوردستان جیاواز بێت.
ئەو گروپە بە ئاپۆچى ناوبانگیان دەرکردبوو، لە ساڵی ١٩٧٧ لە ئەنقەرە بڕیار دەدەن بگەڕێنەوە بۆ کوردستان و لە باکووری کوردستان دەست بەکار دەکەن. لە ئەنجامى کار و چالاکییەکانى ئاپۆچییەکاندا، عەبدوڵا ئۆجەلان ناسراو بە ئاپۆ بە بەشداریى ٢٣ کەس لە ڕۆژی ٢٧ى تشرینى دووەمى ١٩٧٨ یەکەم کۆنگرەیان بەست و پارتی کرێکارانی کوردستان (یەکەکە)ی لە گوندى فیسى سەر بە قەزاى لیجە لە پارێزگاى ئامەدى باکوورى کوردستان دامەزراند.
لە دواى دامەزراندنى پەکەکە سوپاى تورکیا کودەتایەکى سەربازیى لە ڕۆژى ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ بە سەرۆکایەتیى جەنەڕاڵ کەنعان ئەڤرەن ئەنجامدا. لەو کودەتایەدا ژمارەیەکى زۆر لە کادیرەکانى پەکەکە کوژران و دەستگیرکران. لە ناو دەستگیرکراوەکاندا کەسانى وەک مەزڵوم دۆغان، محەمەد خەیرى دورمش، کەمال پیر و عەلى چیچەک هەبوون.
بەهۆى ڕاونان و دەستگیرکردن و کوشتنەوە ژمارەیەک لە کادیرەکانى پەکەکە و عەبدوڵا ئۆجەلان لە ساڵى ١٩٨١ەوە لە ڕێگاى ڕۆژئاواى کوردستان و کۆبانێیەوە چوونە لوبنان و پەیوەندییان لەگەڵ گروپە شۆڕشگێڕەکانى ئەو سەردەمەدا، کە نیشتەجێى لوبنان بوون دروستکرد.
جەنگى چەکداری لە دژى حکومەتى تورکیا
پەکەکە لە دواى سەرلەنوێ خوڕێکخستنەوەى و گەڕانەوەى ژمارەیەک لە کادیرەکانى لە لوبنانەوە بۆ کوردستان لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ شەڕی چەکداریی لە دژی حکومەتی تورکیا دەستپێکرد.
عەبدوڵا ئۆجەلان و پەکەکە بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورد لە ساڵی ١٩٩٢ و لە کاتى سەرۆکایەتیى کۆمارى تورگوت ئۆزال و بە ناوبژیوانیى جەلال تاڵەبانى ئاگربەستێکی یەکلایەنەی ڕاگەیاند. لە دواى گیان لە دەستدانى گوماناویى ئۆزال ئاگربەستەکە لە دواى نزیکەى دوو مانگ تێکچوو.
جارێکیتریش و لەسەر داوای ڕێکخراوە ئاشتیخوازەکان و کەسایەتییەکان لە ڕۆژی ئاشتیی جیهانی لە ساڵی ١٩٩٦ و جارێکیتریش لە ساڵى ١٩٩٨ ئاگربەستێکی دیکەی ڕاگەیاند.
فڕاندنی ئۆجەلان
ئۆجەلان تاوەکو ساڵی ١٩٩٨ لە وڵاتانى لوبنان و سوریا بوو. لە لوبنان ژمارەیەک کەمپى بۆ ڕاهێنانى ئەکادیمى و سەربازى و سیاسیى گەریلاکانى پەکەکە دامەزراندبوو. کاتێک لە ساڵى ١٩٩٨ پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و سووریا تێکچوو. تورکیا ھەڕەشەی لە سووریا کرد، کە هێرش دەکاتە سەر ئەو وڵاتە. لە ئەنجامى ئەو قەیرانەدا ئۆجەلان لە ٩ی تشرینى یەکەمى ١٩٩٨ سوریاى بە جێهێشت و ڕووی لە ڕووسیا کرد. سەربارى ئەوەى پەرلەمانى ڕووسیا (دۆما) بە زۆرینەى هەرە زۆر دەنگى مانەوەیان بە ئۆجەلاندا، بەڵام حکومەتى ڕووسیا ڕێگاى مانەوەى بە ئۆجەلان نەدا.
عەبدوڵا ئۆجەلان لەسەر بانگهێشتى ژمارەیەک پەرلەمانتارى ئیتالیا ڕووى لەو وڵاتە کرد، کە ماسیمۆ دالێما سەرۆک وەزیرانى ئەو کاتى ئیتالیا بوو. بەهۆى گوشارەکانى تورکیا و ئەمریکاوە ئیتالیاش نەیتوانى زیاتر لە دوو مانگ ڕێگا بە مانەوەى ئۆجەلان بدات. ئۆجەلان هەوڵیدا بڕواتە وڵاتەکانى ئەڵمانیا، فەڕەنسا و هۆڵەندا، بەڵام لەلایەن حکومەتەکانى ئەو وڵاتانەوە ڕێگریى لێکرا. حکومەتى یونان بۆ ماوەیەک ڕێگەى بە مانەوەى ئۆجەلان لە وڵاتەکەیدا، بەڵام حکومەتى یونان بە سەرۆکایەتیى سمیتیس لە ماویەکى کورتدا داواى ڕۆیشتنە دەرەوەى لە ئۆجەلان کرد و لەسەر پێشنیازى حکومەتى یونان و بۆ هێوربوونەوەى دۆخەکە ئۆجەلان نێردرا بۆ باڵیۆزخانەى یونان لە وڵاتى کینیا لە باکوورى ڕۆژهەڵاتى ئەفریقا.
کاتێک ئۆجەلان لە ڕۆژى ١٥ى شوباتى ١٩٩٩ باڵیۆزخانەى یونانى لە شارى نایرۆبیى پایتەختى کینیا بە جێهێشت لە ڕێگاى ڕۆیشتن بۆ فڕۆکەخانە لەلایەن چەند ئۆتۆمبێل و ژمارەیەک کەسى دەمامکدارەوە هێرشکرایە سەر کاروانى ئۆتۆمبێلەکانى و لە دواى بێهۆشکردنى ئۆجەلان، بەو فڕۆکەیە کە پێشتر ئامادە کرابوو فڕێندرا بۆ تورکیا.
دادگایکردنی ئۆجەلان
بەپێى ئەو بەڵگەنامانەى کە پەکەکە لەبارەى فڕاندنى ئۆجەلانەوە بڵاویکردووەتەوە، عەبدوڵا ئۆجەلان بەهۆى هاوکاریى دەزگاى هەواڵگریى ئەمریکا (سى ئاى ئەی)، موسادى ئیسرائیل و میتى تورکیا و ژمارەیەک وڵاتى دیکەى وەک بەریتانیا و کینیا فڕێندراوە و ڕادەستى تورکیا کراوەتەوە.
عەبدوڵا ئۆجەن لە تورکیا گواسترایەوە بۆ زیندانێکى تاکە کەسى لە دوورگەى ئمیراڵى لە دەریاى مەڕمەڕە. زیندانى دوورگەى ئیمراڵى لە سەردەمى ئیمپراتۆریاى عوسمانییەوە شوێنى دوورخستنەوە و زیندانیکردنى کەسانى ناڕازى و ئۆپۆزسیۆن بووە. لە سەردەمى کۆماری تورکیادا سەرۆک وەزیران عەدنان مەندرێس لەلایەن جەنەڕاڵەکانى تورکیاوە لە ئیمراڵى زیندانیکرا و دواتر هەر لەو دوورگەیەدا لە سێدارە درا.
لە دوورگەى ئیمراڵیدا پرۆسەى دادگایکردنى ئۆجەلان بە تۆمەتى هەوڵدان بۆ پارچەکردنى تورکیا، جەنگ لە دژى سوپا و حکومەتى تورکیا دادگایکرا و سزانى لەسێدارەدانى بەسەردا سەپێنرا.
عەبدوڵا ئۆجەلان بەرگرینامەیەکى پێشکەش دادگا کرد و هەروەها لە دادگاى تێهەڵچوونەوەدا بەهۆى خۆپیشاندانی کوردستانیان و جەنگى هێزەکانى گەریلا و گوشارەکانى دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا و ڕێکخراوى دژ بە ئەشکەنجەى سزاکەى ئۆجەلان گۆڕدرا بۆ زیندانى هەتا هەتایى.
ژەهرخواردکردنی ئۆجەلان
ساڵى٢٠٠٧ ئۆجەلان بە ماددەى سترانسیۆم و کرۆم ژەهرخوارد کرا. ڕۆژی ٣١ى تەمووزی ٢٠٠٧ پارێزەرانى ئۆجەلان لە ئەوروپا و لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەوانیدا مەحمود شاکار ڕایگەیاند، کە ئۆجەلان لە زیندانى ئیمراڵیدا بە ماددەى سترانسیۆم و کرۆم ژەهرخوارد کراوە. بۆ ناڕەزایى دەربڕین بەرامبەر بەو ژەهرخواردکردنە لە هەر چوار پارچەى کوردستان و دەرەوەى وڵات بەچەندین شێوە خۆپیشاندان و گردبوونەوە و چالاکى شەرمەزارکردن بەڕێوەچوو.
پرۆسەى ئاشتیى ئۆسلۆ
ئۆجەلان بەپێى یاساکانى تورکیا و ئەوروپا بۆ کەسانى زیندانى مافى ئەوەى هەبوو پارێزەر بگرێت و هەفتانە سەردانى بکەن. پارێزەرەکانى ئۆجەن و کەسوکارەکەى لەسەردانەکانیاندا بۆچوونەکانى ئۆجەلانیان بۆ دەرەوەى زیندان دەگواستەوە.
ئۆجەلان لەزیندانەوە ڕۆڵى هەبووە لە چەند پرۆسەى ئاشتیدا. یەکێک لەو پرۆسانە پرۆسەى ئاشتیى ئۆسلۆ بوو لە ساڵى ٢٠٠٩ کە تاوەکو ساڵى ٢٠١١ بەردەوامیى هەبوو. پرۆسەى ئاشتیى ئۆسلۆ بە ناوبژیوانیى لایەنى سێیەم لە نێوان پەکەکە و حکومەتى تورکیا لە شارى ئۆسلۆى پایتەختى نەرویج بەڕێوە چوو.
لە دواى شکستى پرۆسەى ئاشتیى ئۆسلۆ حکومەتى تورکیا لە ساڵى ٢٠١١ەوە، کە تا ئێستا ماوەى پێنج ساڵ دەکات ڕێگریکردووە لە سەردانکردنى پارێزەرەکانى ئۆجەلان بۆ لاى لە دوورگەى ئیمرالى.
هەروەها حکومەتى تورکیا لە ساڵى ٢٠١١دا ئۆپراسیۆنێکى بە ناوى کەجەکەوە دەستپێکرد و لەو کاتەدا شەش پەرلەمانتار، ٣٤ سەرۆک شارەوانى، ٧١ ڕۆژنامەنووس، ٥٤ کەس لە ئەندامانى دەستەى بەڕێوەبەریى و سەرکردایەتیى پارتى ئاشتى و دیموکراسى (بەدەپە)، ٤٥ پارێزەرى ئۆجەلان و بە گشتى نزیکەى هەشت هەزار هاووڵاتیى کورد، کە لە بوارە جیاجیاکاندا چالاکبوون دەستگیر و زیندانى کران.
پرۆسەى ئاشتیى ئیمراڵی
لە کۆتایى ساڵى ٢٠١٢ و لە دواى مانگرتنى زیاتر لە هەشت هەزار زیندانیى سیاسیى کورد لە زیندانەکانى باکوورى کوردستان و تورکیا، دانوستان لە نێوان حکومەتى تورکیا و عەبدوڵا ئۆجەلاندا دەستیپێکردەوە. لە ئەنجامدا و لە نەورۆزی ساڵی ٢٠١٣ بە خوێندنەوەى پەیامى ئۆجەلان لەلایەن شاندنى ئیمرالێەوە بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن کەسى بەشداربووى نەورۆزى ئامەد، پرۆسەى ئاشتیى ئیمراڵى دەستیپێکرد.
لە کاتى دەستپێکردنى پرۆسەى ئاشتییەوە شاندنى ئیمراڵى زیاتر لە ٣٤ جار سەردانى ئۆجەلانیان کرد لە دوورگەى ئیمراڵى. هەر بەوشێوەیەش شاندەکانى حکومەتى تورکیا سەردانى ئۆجەلانیان دەکرد لە دوورگەى ئیمراڵى.
لە ڕۆژى ٢٤ى تەمووزى ٢٠١٥ەوە و هاوکات لەگەڵ ڕۆژى واژۆکردنى ڕێککەوتننامەى لۆزان و لە دواى بۆردومانکردنى بنکە و بارەگاکانى پەکەکە لەلایەن سوپاى تورکیاوە پرۆسەى ئاشتى تێکچوو. ئەوەش بووەتە هۆى ئەوەى چەندین پێکدادان لە نێوان گەریلاکانى پەکەکە و سوپاى تورکیا و هەروەها چەندین پێکدادان لەنێوان لە یەکینەکانى پاراستنى سڤیڵ (یەپەسە) و هێزە ئەمنییەکانى تورکیا لە شار و شارۆچکە و ناوچە جیاجیاکانى باکوورى کوردستان و تورکیادا ڕوو بدەن.
ڕێککەوتنى دۆڵمە باخچە
لە ئەنجامى پرۆسەى ئاشتیى ئیمڕاڵیەوە ڕۆژى ٢٨ى شوباتى ٢٠١٥ شاندنى دانوستانکارى کورد و ئیمراڵى لەگەڵ حکومەتى تورکیا لە کۆشکى دۆڵمە باخچە، کە بارەگاى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى حکومەتى تورکیا بوو، ڕێککەتنێکیان لەسەر ١٠ خاڵى پێشنیازکراوى ئۆجەلان بۆ ئاشتى ئەنجامدا.
دواتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لە دژى ڕێککەتنەکە ڕایگەیاند، ئاگادارى ڕێککەوتنى دۆڵمە باخچە نییە و لە تورکیادا کێشەى کورد و مێزى دانوستانیش نییە.
لە گەڵ هەڵبژاردنى٢٥هەمین خولى پەرلەمانى تورکیا لە ٧ى حوزەیرانى ٢٠١٥دا و شکستى ئاکەپە لەو هەڵبژاردندا، بڕیارى هەڵبژاردنەوەى پێشوەخت لە تورکیا ڕاگەیاندراو و لە کەمپینى هەڵبژاردنەکانى هەدەپەدا چەند تەقینەوە ئەنجامدرا و ژمارەیەک هێرش کرایە سەر بارەگاکانى هەدەپە و لایەنگرەکانیان. لە دواى ئەوەى ئاکەپە لە هەڵبژاردنى ١ى تشرینى دووەمى ٢٠١٥دا زۆرینەى دەنگەکانى بەدەستهێنا پرۆسەى ئاشتیى ئیمراڵى گەیشت بنبەست و شەوى ٢٤ى تەمووزی ٢٠١٦ بە بۆردومانکردنى بنکە و بارەگاکانى پەکەکە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیاوە پرۆسەى ئاشتى بە تەواوەتى ڕاوەستا.
کەمپینى ئازادى بۆ ئۆجەلان
کەمپنیى ئازادی بۆ ئۆجەلان، کە لە ڕۆژى ٦ى ئەیلولى ٢٠١٢ەوە دامەزراوە بە بۆنەى ١٦هەمین ساڵڕۆژى فڕاندنى ئۆجەلان لە ڕۆژى ١٤ى شوباتى ٢٠١٤دا ڕایگەیاندبوو، کەمپینەکەیان بۆ ئازادیى ئۆجەلان ١٠ ملیۆن و ٣٢٨ هەزار و ٦٢٣ واژۆى کۆکردووەتەوە.
هەروەها لە ڕۆژى ٢٦ى نیسانى ٢٠١٦ گەورەترین سەندیکاکانى بەریتانیا لە پەرلەمانى ئەو وڵاتە کەمپینیکیان بۆ ئازادیى ئۆجەلان ڕاگەیاند.
لە ڕۆژى ٢٧ى تەمووزی ٢٠١١ەوە، حکومەتى تورکیا ڕێگاى نەداوە هیچ یەک لە پارێزەرەکانى ئۆجەلان سەردانى بکەن.
لە کۆتایى ساڵى ٢٠١٢ تاوەکو ٥ى نیسانى ٢٠١٥ شاندى ئیمراڵى بۆ پرۆسەى ئاشتى ٣٤ جار سەردانى ئۆجەلانیان کردبوو.
لە ڕۆژى ٥ى نیسانى ٢٠١٥ەوە حکومەتى تورکیا ڕێگریى لەوە کردووە شاندى ئیمراڵى و بنەماڵەى ئۆجەلان سەردانى بکەن و چاوپێکەوتنى لەگەڵ ئەنجام بدەن.
ڕێکخراوى جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (سی پى تی) و ئۆجەلان
ماڵپەڕى ئەنجوومەنى یەکێتیى ئەوروپا شەوی ٢ى ئایارى ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، شاندێکى ڕێکخراوى جیهانیی دژ بە ئەشکەنجە لە ئەنجوومەنى یەکێتیى ئەوروپا لە ڕۆژانى ٢٨ و ٢٩ى نیساندا و بۆماوەى دوو ڕۆژ سەردانى زیندانى جۆرى ئێفى ئەمنیى باڵایان لە ئیمراڵى کردووە.
ڕێکخراوى سى پى تی پێشتر شەش جار و لە ساڵانى ١٩٩٩، ٢٠٠١، ٢٠٠٣، ٢٠٠٧، ٢٠١٠ و ٢٠١٣ سەردانى عەبدوڵا ئۆجەلانیان لە زیندانى ئیمراڵى کردبوو.
کتێبەکانی ئۆجەلان
عەبدوڵا ئۆجەلان زیاتر لە ٤٠ کتێبی نووسیوە. لە زیندانی ئیمڕاڵی نۆ کتێبی نووسیوە و بڵاوکراوەتەوە. بەشێک لە کتێبەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەڕەنیسی، ئیتالی، ڕوسی، ئیسپانیولی، فارسی و عەرەبی.
NRT -
