بڕیارە ئەسەد و ئەردۆغان لە ڕووسیا چاویان بە یەکتر بکەوێت

بڕیارە ئەسەد و ئەردۆغان لە ڕووسیا چاویان بە یەکتر بکەوێت
بڕیارە بەشار ئەسەد سەرۆکى سوریا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لە شارى مۆسکۆى پایتەختى ڕووسیا لەگەڵ یەکتر کۆببنەوە. بۆ دیاریکردنى کاتى چاوپێکەوتنى نێوان ئەردۆغان سەد سەرۆکى دەزگاى هەواڵگریى سوریا سەردانى مۆسکۆ دەکات و هاکان فیدانیش سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى تورکیاش سەردانى دیمەشق دەکات.


ڕۆژنامەى سەفیرى لوبنانى ئەمڕۆ ٢ى ئەیلولی ٢٠١٦ بڵاویکردووەتەوە، ڤلادمیر پوتین سەرۆکى ڕووسیا دەستپێشخەرییەکى کردووە بۆ ئەوەى بەشار ئەسەد و ئەردۆغان لە مۆسکۆى پایتەختى ڕووسیادا پێکەوە کۆ ببنەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەکۆبوونەوەى نێوان ئەردۆغان و پوتین لە ڕۆژى ٩ى ئابی ٢٠١٦ لە سان پیترزبۆرگ لەسەر کۆبوونەوەى نێوان ئەسەد و ئەردۆغان گفتوگۆیان کردووە و لەو کۆبوونەوەیەدا پلانى چاوپێکەوتنى نێوان ئەردۆغان و ئەسەدا داڕێژراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیاریشە ڕۆژى سێشەمەى داهاتوو ٦ى ئەیلولی ٢٠١٦ عەلى مەملوک سەرۆکى دەزگاى ئاسایشى نەتەوەیى سوریا سەردانى مۆسکۆ بکات و لە دواى ئەو سەردانى کاتى دانیشتنى نێوان ئەردۆغان و ئەسەد دیارى بکرێت.

بەپێى هەواڵەکەى ئەو ڕۆژنامەیە، هاوکات لەگەڵ پێشهاتانەدا، بڕیارە هاکان فیدان سەرۆکى دەزگاى هەواڵگریى نەتەوەیى تورکیا (میت) لە ڕۆژانى ١٠ بۆ ١٥ى ئەیلولی ٢٠١٦ سەردانى شارى دیمەشقى پایتەختى سوریا دەکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژى ٩ى ئابی ٢٠١٦ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لە دواى هەشت مانگ لە ناکۆکییەکانى نێوان ڕووسیا و حکومەتەکەى سەردانى ڕووسیاى کرد و لەگەڵ پوتین دانیشتنێکیان ئەنجامدا و لەسەر ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆ ڕێککەوتن.

گرژییەکانى نێوان ڕووسیا و تورکیا کاتێک دەستپێکرد، کە ڕۆژى ٢٤ى تشرینى دووەمى ٢٠١٥ فڕۆکەیەکى جەنگیى ئێف ١٦ى هێزى ئاسمانیى تورکیا لە قوڵایى یەک کلیۆمەتریى ناو خاکى سوریادا تەقەى لە فڕۆکەیەکى جەنگیى سوخۆى ٢٤ى ڕووسیا کرد و لە چوار کیلۆمەتریى ناو خاکى سوریادا کەوتە خوارەوە.

هێزەکانى ڕووسیا لە ڕۆژى ٣٠ى ئەیلولى ٢٠١٥ فڕۆکە جەنگییەکانى ڕووسیا لە وڵاتى سوریا دەستیان کرد بە بۆردومانکردنى بنکە و بارەگاکانى چەکدارەکانى داعش و گروپە توندڕەوەکانى وەک بەرەى نوسرە و هاوشێوەکانى و ئەوەش نیگەرانیى تورکیا و ژمارەیەک لە وڵاتانى ترى لێکەوتبووە.
Top