ڕوانگەی سوریا: هەلیکۆپتەرێکی ڕوسیا لە شاری حەما خرایەخوارەوە
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سوریا ڕایگەیاند، ئەو هەلیکۆپتەرە کە پێدەچێت روسی بێت لەکاتی نیشتنەوەیدا پێکراوە و تا ئێستا چارەنوسی تیمی فرۆکەکە نازانرێت.
هاوکات لەلایەکی دیکەوە گروپی سوپای عیزە کە لەژێر لیوای سوپای سوریای ئازادا شەڕ دەکەن لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لە نزیک گوندی ڕەحەبەی خیتابی باکوری شاری حەما کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای سوریادایە، هەلیکۆپتەرێکی ڕوسیای خستووەتە خوارەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لەکاتێکدایە، تا ئێستا وەزارەتی بەرگری ڕوسیا هیچ زانیارییەکی لەوبارەیەوە ڕانەگەیاندووە.
سوپای ڕوسیا لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەند فڕۆکەخانەیەکی سوریاوە، هاوکاری لۆجستی و ئاسمانی بۆ پشتیوانیکردن لە دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئەو وڵاتە دایندەکات، بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی ئەو گروپانەی کە دژی ڕژێمەکەی ئەسەد شەڕ دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش دەیان فرۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەری ڕەوانەی سوریا کردووە.
NRT -
