خامنەیی: ناتوانین بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا بە لێكتێگەیشتن بگەین

 خامنەیی: ناتوانین بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا بە لێكتێگەیشتن بگەین
ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، ھەر دوو حزبی كۆماری و دیموكراتی ئەمەریكا بە ئەنجامدانی تاوان گەورە لە ئاستی نێودەوڵەتی تۆمەتبار دەكات و دەڵێ، ئێران و ئەمەریكا لەڕێگەی گفتوگۆ بە خاڵی ھاوبەش بۆ لێكتێگەیشتن ناگەن.



بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی (ڕادیۆ فەردا)، دوێنێ عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لەمیانەی سەردانی بۆ پێشانگەیەكی پیشەسازیی چەك لە وەزارەتی بەرگریی ئێران گوتی: "حزبی دیموكراتی ئەمەریكا چەندین تۆڕی مەترسیداری تیرۆریستی لە ناوچەكەدا بڵاو كردووەتەوە و پاڵپشتیی گرووپە تیرۆریستییەكان دەكات".



ئەوە لە كاتێك دایە كە بەرپرسە باڵاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، حكوومەتی پێشووی ئەمەریكا بە ئەنجامدانی تاوان لە عێراق و ئەفغانستان تۆمەتبار دەكەن.



سەرەڕای ڕێككەوتنی ناوكیی ئێران و وڵاتانی 5+1، ناكۆكییه‌كانی ئه‌مەریكا و ئێران لە كەنداو پەرەی سەندووە و فەرماندەیەكی باڵای پێنتاگۆن دوێنێ ڕای گەیاند، ئێران تاكە وڵاتە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست كە ھەڵسوكەوتی مەترسیدار ئەنجام دەدات.
Top