حەوت ئەندامی سوپای پاسداران لە سووریا كوژران

 حەوت ئەندامی سوپای پاسداران لە سووریا كوژران
بەپێی دوایین زانیارییەكان 7 سەربازی ئێرانی و دوو ئەفغانیی دیكەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە شەڕی حەلەب لە سووریا كوژراون.



ھەرچەندە ڕۆژی ڕابردوو ماڵپەڕی فەرمی (فارس)، كوژرانی فەرماندەیەكی باڵای خۆی ڕاگەیاند، بەڵام دواتر ھەواڵەكەی ڕەت كردەوە و ڕای گەیاند، بریندارە و باری تەندروستیی ناجێگیر و لەژێر چاودێریی وردی پزیشكی دایە.



میدیا ناوخۆییەكانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە، دوێنێ تەرمی مستەفا ڕەشیدپوور بەرپرسێكی باڵای سوپای پاسداران لە ئەھواز نێژراوە و تەرمی 6 سەربازی دیكەی سوپای پاسدارانیش لە شاری قوم نێژراون.



ھاوكات دوو پەنابەری ئەفغانیش بە ناوەكانی ڕەزا ڕەحیمی و مستەفا مورادی كە لە ڕێزەكانی سوپای پاسداران لە سووریا شەڕیان دەكرد، كوژراون و دوێنێ تەرمەكانیان لە مەشھەد نێژراون.



بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی سوپای پاسداران ژمارەی كوژراوانی سوپای پاسداران لە شەڕی سووریا نزیكەی 1320 كەس بووە، كە زیاتر لە 50 كەسیان پەنابەری ئەفغانیی دانیشتووی ئێران بوون، كە ئێران ناچاری كردوون لە ڕێزەكانی پێشەوەی سوپای پاسداران لە سووریا لەدژی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە شەڕ بكەن.






باسنیوز
Top