ئۆفرا بێنگیۆسەدەی 21 بۆ کورد جیاواز دەبێت
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ئۆفرا بێنگیۆ، بەرپرسی توێژینەوەی کوردی لە سەنتەری "موشی دایان" لە زانکۆی تەلئەبیب لەبارەی گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رۆڵی وڵاتانی هەرێمی دەڵێت "ئێران و رووسیا سیاسەتێکیان لە سووریادا هەیە، کە زۆر لە سیاسەتی تورکیا جیاوازە".
بێنگیۆ راگەیاند "لێکنزیکبوونەوەی نێوان تورکیا، رووسیا و ئێران کاریگەری لە سەر کوردی سووریا دەبێت، چونکە ئەو لێکنزیکبوونەوەیە گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکرد تاوەکو لە سووریا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجامبدات، بەڵام مانەوەی تورکیا لە سووریا یان بەهێزبوونی سوپای سووریای ئازاد لە سووریا هەڕەشە لە سەر بەرژەوەندیەکانی رووسیا و ئێران دروستدەکات، بەتایبەتی کاتێک دەزانین ئەو هەنگاوانە دەبنە هۆی لاوازبوونی حکومەتی ئەسەد".
دەربارەی ئۆپەراسیۆنی سوپای سووریای ئازاد بە پاڵپشتی سوپای تورکیا لە باکووری سووریا، بێنگیۆ گوتی، تورکیا بەو ئۆپەراسیۆنەی چەندین ئامانج دەپێکێت، لەوانەش: بەرزبوونەوەی ورەی سوپای وڵات، کە پاش کودەتاکە زۆر پێویستی پێی هەبوو، بەدەستهێنانی پشتگیری خەڵکی ناو تورکیا، بەهێزبوونی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا، هەبوونی رۆڵ لە سووریادا، رێگەگرتن لە هەنگاوەکانی کورد بە ئاراستەی ئۆتۆنۆمی.
ئەوەی کە پەیوەندی بە ئەزموونی رۆژئاوای کوردستانەوە هەیە، بەرپرسی توێژینەوەی کوردی لە سەنتەری موشی دایان رایگەیاند، ئەزموون و قەوارەی كوردی سووریا بەردەوام دەبێت، ئەوەش لە بەر چەند هۆکارێک: لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەستی نەتەوایەتی کوردی لە سووریا بەهێز بووە و کوردەکان چیدیکە نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی نکۆڵیکردن لە مافەکانیان.
لەبارەی هۆكارەكانی دیكە، ئۆفرا بێنگیۆ دەڵێت "لابردنی تەواوی دەستکەوتەکان لە بوارەكانی بەڕێوەبردن، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و رێکخراوەیی لە كوردستانی سووریا ئاسان نییە. لەوەش زیاتر، سووریا بووەتە وڵاتێکی شکستخواردوو و ئەستەمە حکومەتیش بتوانێت سووریا بە تەواوی بخاتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی".
بێنگیۆ دەشڵێت "دواهۆکار ئەوەیە کە لەگەڵ دەستپێکردنی سەدەی 21 پشتگیری بۆ گەلی کورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان زیاد بووە و ئەستەمە سەدەی 21 بۆ کورد هاوشێوەی سەدەی 20 بێت".
RUDAW -
