ساڵح موسلیم: ڕێگە نادەین تورکیا بێتە ناوچە ئازادکراوەکان

ساڵح موسلیم: ڕێگە نادەین تورکیا بێتە ناوچە ئازادکراوەکان
ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی پەیەدە جەختیکردەوە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە سوپای تورکیا نادەن بچێتە ناوچە ئازادکراوەکانی سوریا و، ئاماژەی بەوەکرد تورکیا و ئێران و سوریا هەمیشە یەکدەگرن بۆ لێدانی کورد.
ساڵح موسڵیم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەتی چاپی لەندەن کە ئەمڕۆ ٣٠ی ئابی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بەکوردەوە دەبێت تورک و ئێرانی و سورییەکان هەموو ناکۆکی و دژایەتییەکانیان بیردەچێتەوە، بەڵکو یەکدەگرن بۆ لێدانی کورد، "چونکە ئەوان ئەو ڕاستیە بەرجەستکراوەیان پێ قبوڵ نییە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی هەیە".
هاوسەرۆکی پەیەدە ئاماژەی بەوەکرد "هێرش و دەستوەردانی تورکیا لە باکوری سوریا لە سایەی بێدەنگییەکی مەترسیداری ڕوسیا و ئەمریکادا بەڕێوەدەچێت، تورکیا و سوریا و ئێران دەسەڵاتی سەرکوتکەرن و ئەو سیستمەی ئێمە بەرجەستەمانکردووە، سیستمێکی نموونەیی دیموکراسی عیلمانییە".
دەربارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ خۆرئاوای کوردستان ساڵح موسلم وتی "هێرشی تورکیا بۆ باکوری سوریا ئیدانە دەکەین، کورد لەو ناوچەیە بەرگری لە خۆیان دەکەن بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کێ لە پاڵیاندا وەستاوەتەوە، ئێمە نە ئەمرییکییەکان و نە ڕژێمی سوریا و نە ڕوسیا و نە هیچ دەوڵەتێکی دیکەی دروستی نەکردووین، چۆن شکستمان بە داعش هێنا، ئاواش شکست بە تورکەکان دەهێنین".
لە بەشێکی دیگەی وتەکانیدا هاوسەرۆکی پەیەدە جەختیکردەوە ، ڕێگە نادەن بە چوونە ناوەوەی تورکیا بۆ هیچ بستەخاکێکی منبج یان هەر ناوچەیەکی ئازادکراوی دیکە، سەرجەم ئەو ناوچانەش ئازاد دەکەین کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داگیریانکردووە، چونکە ئێمە جیاوازی ناکەین لە نێوان ئەوان و داعشدا، دووپاتیکردەوە هەموو بەرەکانی شەڕ کراوەن بۆ هێزە کوردییەکان لە ناوخۆیی سوریادا، جا لەگەڵ ڕژێمی سوریادا بێت لە حەسەکە یاخود لەگەڵ داعش و تورکیادا بێت.
موسلم ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان تاکلایەنە فیدراڵیان ڕانەگەیاندووە، بەڵکو خستوویانەتە بەردەمی سەرجەم لایەنەکان لە روانگەیەوە کە سوریا ناگەڕێتەوە بۆ بەر لە ساڵی ٢٠١١ ، پێشێیان وایە باشترین چارەسەریشە بۆ مانەوەی سوریا بە یەکگرتوویی، ئەگەرنا ئەوا دابەشبوونە کە ئەوان نایانەوێت.
هێزە تایبەتەکانى تورکیا ڕۆژی ٢٤ى ئابی ٢٠١٦ هێرشیان کردە سەر جرابلۆس لە ڕۆژئاواى کوردستان. ئەفگان ئالا وەزیرى ناوخۆی تورکیا لە بارەى هۆکارى هێرشى سوپاى تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاواىکوردستان ڕایگەیاند، ئامانجی ئۆپراسیۆنى جەرابلوس بۆ پاراستنى سەروەرى سوریایە. ئەفگان ڕاشیگەیاند "لەماوەیەکی کورتدا سنوورەکانمان لەگەڵ سوریا لە تیرۆریستان پاک دەکەینەوە".
NRT -
Top