ڕوانگەى سورى: ڕوسیا لە سوریا لە داعش زیاتر هاووڵاتی مەدەنی کوشتووە

ڕوانگەى سورى: ڕوسیا لە سوریا لە داعش زیاتر هاووڵاتی مەدەنی کوشتووە
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ هێرشە ئاسمانییەکانی ڕوسیا زیاتر لە داعش هاووڵاتی مەدەنییان لە سووریا کوشتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەماوەی ٣٠٥ ڕۆژدا و لە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٥وە تا ٣١ی تەموزی ٢٠١٦، واتە لە دەستپێکی ئۆپراسیۆنى ڕووسیا لە سوریا، ڕوسیا زیاتر لە دوو هەزار و ٧٠٤ هاووڵاتی مەدەنی کوشتووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی تۆڕەکە لەو ژمارە کوژراوە ٧٤٦ یان منداڵ بوون و ٥١٤شیان ئافرەت بوون.

هاوکات لە دەستپێکی سەرهەڵدانی داعش لە ٩ی نیسانی ٢٠١٣وە ئەو ڕێکخراوە بەرپرسیاربووە لە کوشتنی زیاتر لە دوو هەزار و ٦٨٦ هاووڵاتی مەدەنی کە ٣٦٨ منداڵ لەناویاندا بوون.

ڕاپۆرتەکەی تۆڕی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ناو و شوێن و ڕۆژی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییە مەدەنیەکان و زانیاری ووردی لەبارەیانەوە بڵاوکردووەتەوە.

تۆڕەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە "ئێمە تەئکیدی دەکەینەوە کە ئەو بۆمبارانەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا ناویان هێنراوە هاووڵاتیانی مەدەنی و بێ چەکیان بەئامانج گرتووە. هەربۆیە، هێزەکانی ڕوسیا یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤیان پێشێل کردووە".

هەروەها تۆڕەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە "ئێمە بە ئاشکرا هێزەکانی ڕووسیا بە ئەنجامدانی دەیان تاوان تاوانباردەکەین کە هەموویان تاوانی جەنگن".

تۆڕەکە پێشنیازی کردووە کە کەیسەکە ببرێتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.
Top