جەرابلوس؛ شەڕو پێكدادان لەنێوان سوپای سوریای دیموكرات‌و توركیا بەردەوامە

جەرابلوس؛ شەڕو پێكدادان لەنێوان سوپای سوریای دیموكرات‌و توركیا بەردەوامە
شەڕو پێكدادان لەنێوان سوپای توركیاو سوپای سوریای دیموكرات لە باشوری جەرابلوس بەردەوامە، فەرماندەی كەتیبەی چەكدارە توركمانەكانی سەر بە سوپای سوریای ئازادیش دەڵێت ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەكانیان شارۆچكەی مەنبەجە.

ئاژانسی هەواڵی هاوار نیوز -نزیكە لە یەپەگە- بڵاویكردەوە سوپای توركیا هێرشی كردۆتەسەر گوندی عمرانە‌و چەند گوندێكی دیكەی باشوری جەرابلوس‌و لەبەرامبەردا هێزەكانی ئەنجومەنی سەربازی شاری جەرابلوس-سەر بەسوپای سوریای دیموكرات كە یەپەگە پێكهێنەری سەرەكییەتی- وەڵامیان داوەتەوەو بەهۆیەوە پێكدادان رویداوە.

هاوار نیوز ئەوەشی خستوەتەڕوو كە بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی كە بەدەستیان گەیشتووە هێزەكانی ئەنجومەنی سەربازی جەرابلوس "تانكێكی سوپای توركیایان تەقاندۆتەوەو ژمارەیەك سەربازی توركیاو ژمارەیەك بەكرێگیراو(جاش)یان كوشتووە".

هاوكات بەهۆی بۆردومانی تانكەكانی توركیاوە بۆسەر گوندەكانی باشوری شاری جەرابلوس ژمارەیەك مەدەنی بونەتەقوربانی، هەربەپێی هاوار نیوز.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تانكەكانی توركیا كە لەجەرابلوس جێگیربوبون بەئاڕاستەی گوندی عمرانەی باشوری جەرابلوس جوڵەیانكردووە.

چوارشەممەی‌ رابردوو ئۆپەراسیۆنی‌ "قەڵغانی‌ فورات" لەلایەن چەكدارانی‌ سوپای‌ سوریای‌ ئازادی‌ ئۆپۆزسیۆنەوە بەپاڵپشتی‌‌و بەشداری‌ هێزەكانی‌ توركیا دەستیپێكرد‌و توانییان شاری‌ جەرابلوس لەدەست داعش دەربهێنن.

عەقید ئەحمەد عوسمان فەرماندەی كەتیبەی سوڵتان موراد(كەتیبەی چەكدارە توركمانەكانی سەر بە سوپای سوریای ئازاد) بە ماڵپەڕی یەنی شەفەق-نزیك لە حكومەتی توركیا-ی راگەیاندووە كە دوای رزگاركردنی جەرابلوس ئەوان بەرەو رۆژئاوا تاشارۆچكەی مارع كە 70 كیلۆمەتر دەبێت‌و هاوسنوری توركیایە پێشڕەوی دەكەن‌و لە داعش پاكی دەكەنەوە.

فەرماندەی كەتیبەی سوڵتان موراد ئەوەشی خستوەتەڕوو ئامانجی دواتری ئۆپەراسیۆنەكانیان بە پشتیوانی توركیا پێشئەوەی بەرەو باشوور پێشڕەوی بكەن، بەرەو رۆژئاوای جەرابلوس دەبێت‌و پێدەچێت ئۆپەراسیۆنەكانیان هەفتە یان مانگانە بەردەوامبێت"ئامانجمان نێوان جەرابلوس و ناوچەی راعی و مارع دەبێت".

بەوتەی عەقید ئەحمەد عوسمان، هیچ نیەتێكی ئەوان نییە كە شەڕی پەیەدە بكەن، بەڵام ئەگەر پێویست بكات شەڕی پەیەدە(یەپەگە)دەكەن.

"دوای رزگاركردنی ئەو ناوچانە ئامانجی دواترمان شاری مەنبەج دەبێت كە لەژێر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكراتەو یەپەگە بەشێكەلێی" فەرماندەی كەتیبەی سوڵتان موراد وادەڵێت.

هەرلەدرێژەی شەڕو پێكدادانەكان لە باكوری سوریا، بەپێی راگەیەندراوێكی سەنتەری راگەیاندنی یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە) داعش هێرشێكی بەرفراوانی لەماوەی 3 رۆژی رابردوودا كردۆتە سەر شارۆچكەی شەدادی.

یەپەگە دەڵێت شكستیان بەپەلامارەكانی داعش هێناوەو"108 داعشیان كوشتووەو هەروەها 8 ئۆتۆمبێلیان تێكشكاندووە كە 6یان بۆمب رێژكراو بوون".

هەربەپێی بەیاننامەكەی یەپەگە هێرشەكانی سوپای توركیا بۆسەر سیستمی فیدراڵی رۆژئاڤا-باكوری سوریا بەرفراوانتربووە كە ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ هێرشەكانی داعش بۆ سەر خۆرئاوای كوردستان.



خەندان-
Top