میدیای توركیا: سوپای سوریای ئازاد جەرابلوسی كۆنتڕۆڵ كرد

میدیای توركیا: سوپای سوریای ئازاد جەرابلوسی كۆنتڕۆڵ كرد
سوپای سوریای ئازاد بەهاوكاری سوپای توركیا تەواوی شارۆچكەی جەرابلوسیان لە باكوری سوریا كۆنتڕۆڵ كرد، بەپێی میدیاكانی توركیا.

ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی بڵاویكردەوە، سوپای سوریای ئازاد شارۆچكەی جەرابلوسیان كۆنتڕۆڵ كردو سەربازێكی ئەو سوپایە لەكاتی ئۆپەراسیۆنەكەدا كوژراوە، بەڵام سوپای توركیا هیچ زیانێكی نییە، لەكاتێكدا پشتیوانیی سوپای سوریای ئازادی دەكرد لە ئۆپەراسیۆنەكەدا.

بەرەبەیانی‌ ئەمڕۆ یەكەكانی سەر بە هێزە تایبەتەكانی توركیا و فڕۆكە جەنگییەكانی ئەو وڵاتە – كە لەلایەن فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكاوە پاراستنی ئاسمانییان لە ناو خاكی سوریادا بۆ دەستەبەركراوە– بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی شارۆچكەی جەرابلوس ئۆپراسیۆنێكیان لە ژێر ناوی "قەڵغانی فورات"دا دەستپێكرد، كە ئامانج لێی وەدەرنانی چەكدارانی داعش و رێگریكردنە لە پێشڕەوییەكانی هێزە كوردییەكان.

رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە وتارێكدا كە لە ئەنقەرە پێشكەشیكرد وتی "كاتژمێر 4:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئۆپراسیۆنێك دژ بەو گروپانە دەستیپێكرا كە بە بەبەردەوامی هەڕەشەن بۆ وڵاتەكەمان، وەك داعش و پەیەدە".

توركیا دەیەوێت پەلە بكات لە كۆنتڕۆڵكردنی ئەو شارە سنورییە ستراتیژییە لە باكوری سوریا پێش ئەوەی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) شارەكە كۆنتڕۆڵبكەن.

لەكاردانەوەی ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمڕۆدا بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی جەرابلوس، وەزارەتی دەرەوەی سوریا بەتوندی ئیدانەی بەزاندنی سنوری وڵاتەكەی كرد لەلایەن توركیاوەو داوایكرد ئەو وڵاتە كۆتایی بە"داگیركردنی" خاكی سوریا بهێنێت.

ئەم هێرشەی سوپای توركیا لە كاتێكدایە، كە لەچەند رۆژی رابردوودا لە شارۆچكەكەوە ژمارەیەك هاوەن ئاڕاستەی ناوچە سنورییەكانی توركیا كرابوو و سوپا-ش وەڵامی دابوونەوە.

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا ئەمڕۆ لە وتارێكدا كە بەهەمانشێوە لە ئەنقەرە پێشكەشیكرد جەختیكردەوە، هێزە كوردییەكانی سوریا دەبێت بگەڕێنەوە رۆژهەڵاتی روباری فورات، بە پێچەوانەوە توركیا "ئەوەی پێویست بێت دەیكات".

چاوشئۆغڵو لەدرێژەی وتەكانیدا ئاماژەی‌ بەوەكرد، هیچ لایەنێكی بیانی لەدەرەوە ناهێندرێت و جێگیرناكرێت لە ناوشارۆچكەی جەرابلوسدا – ئەو شارۆچكە سنورییەی لە ئۆپراسیۆنەكەی ئەمڕۆدا توركیا هەوڵی وەدەرنانی داعشی لێ دەدات.

شارۆچكەی جەرابلوس دەكەوێـتە كەناری رۆژئاوای رووباری فورات‌و دوا شارۆچكەی گرنگی ژێر دەستی چەكدارانی داعشە لەسەر سنوری سوریا- توركیا.

شارۆچكەكە دەكەوێتە 54 كیلۆمەتر لە رۆژئاوای شارۆچكەی ڕاعی، كە شارۆچكەیەكی سنوریی دیكەیەو چەكدارانی سوپای سوریای ئازاد بەمدواییانە دوای وەدەرنانی چەكدارانی داعش كۆنتڕۆڵیان كردو دواتر داعش كۆنتڕۆڵی كردەوە.

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات لە بارەی هێرشی‌ توركیا بۆ سەر شاری‌ جەرابلوس لەسوریا رایگەیاند، توركیا وەكو داعش لە سوریادا شكستدەهێنێت و لە ئەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نوسیبووی "توركیا هاوشێوەی داعش لە زەلكاوی سوریا دەدۆڕێت و بە راستەوخۆ بەشداربونی توركیا لە شەڕی سوریادا زۆر شت لەدەستدەدات".

ئەردۆغان لە وتەكانیدا سەبارەت بە وتەكانی ساڵح موسلیم وتی "ئەوانەی دەڵێن كە ئەم ئۆپراسیۆنە بە جۆرێك لە جۆرەكان كاریگەریی لەسەر توركیا دەبێت، پێیان دەڵێم كە بیر لە داهاتووی خۆیان بكەنەوە".

هەروەها مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیاش سەبارەت بە نووسینەكانی ساڵح موسلیم وتی "ئەو قسانە ئەجێندایان نیشاندەدات، یەپەگە دەبێت بەرەو رۆژهەڵاتی فورات بكشێتەوە".

جەرابلوس كە شارۆچكەیەكی سەر بە پارێزگای حەلەبی سوریایە، دەروازەی سنوریی هەیە لەگەڵ توركیا‌و ناوچەی كۆبانی‌و عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان بە یەكەوە دەبەستێتەوە، دانیشتوانەكەی تێكەڵە لە كورد، عەرەب‌و توركمان‌و بەپێی سەرژمێری ساڵی 2004 ژمارەی دانیشتوانی 58 هەزارو 889 كەسە.




خەندان-
Top