ورمێ.. سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی 212 گوندی ورمێ سوێر بووە
ئەمڕۆ سێشەممە (23/8/2016)، كازم محەمەدی ئەقدەم، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی گوندەكانی سەر بە پارێزگاری ورمێ بە ماڵپەڕی فەرمی (تەسنیم)ی گوت: "سەرچاوەی ئاوی 212 گوندی پارێزگای ورمێ بەھۆی وشكبوونی دەریاچەی ورمێوە سوێر بوون لەو ژمارەیەش 80یان سەر بە شاری میاندواون".
محەمەدی ئەقدەم گوتی: "ڕۆژانە ئاوی خواردنەوەی گوندەكانی سەر بە ورمێ تاقیكردنەوەیان بۆ دەكرێت و مادەی پاككرەوەیان پی زیاد دەكرێت و دەركەوتووە كە ئاوی 212 گوند سوێر بووە".
گوتیشی"97.5%ی ئاوەكانی سەر گۆی زەوی بۆ خواردنەوە گونجاو نییە و تەنیا 205%ی بۆ خواردنەوە دەبێت و لەو ژمارەیەش 98.1%ی سەھۆڵە و 0.59%ی ئاوی خواردنەوە لە ژێر زەوییە و ئەوەی دەمێنێتەوە، بۆ خواردن گونجاوە".
بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی گوندەكانی ورمێ، بڕی 460 ملیۆن تمەن لە سەندووقی نیشتمانیی بۆ چارەسەركردنی 78 گوندی ورمێ دیاری كراوە كە 60 ھەزار دانیشتوویان ھەیە، ئەوە لە كاتێك دایە كە ژمارەی ئەو گوندانەی ئاوەكەیان بەرەو سوێربوون دەچێت ڕوو لە زیادبوونە.
باسنيوز
