رۆژئاوای کوردستان لەبەردەم گۆڕانکاری خێرا و چاوەڕاواننەکراودایە
بەپێی زانیارییەکان بەرپرسانی یەپەگە دوو مەرجیان بۆ ئاگربەستەکە داناوە، یەکەم هەڵوەشانەوەی هێزەکانی بەرگری نیشتمانی لە حەسەکە کە چەکدارە عەرەبەکانی سەر بە بەشار ئەسەد پێکهاتوون و مەرجی دووەمیش کۆتایی هێنان بە پڕچەککردنی هاوڵاتیانی عەرەبە لە حەسەکە، بەڵام حکومەتی سوریا هەر دوو مەرجەکەی ڕەتکردووەتەوە.
هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی حەسەکە، لە جەرابلوس لەسەر سنووری تورکیاش گۆڕانکاری نوێ بەڕێوەیە کە شارۆچکەى جەرابلوس دەکەوێتە نێوان کانتۆنەکانى کۆبانێ و عەفرین و لەسەر سنورى تورکیا هەڵکەوتووە و لەئێستادا تاکە دەروازەى داعشە بەڕووى تورکیادا.
لە چەند رۆژی رابردوودا حکومەتی تورکیا بە سەدان چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سوری لە بنکەیەکی سەربازی لە نزیک شارۆچکەی قەرقامیش جێگیرکردووە و بە نیازن لە داهاتوویەکی نزیکدا لەناو خاکی تورکیاوە هێرش بکەنەسەر جەرابلوس کە ماوەی دوو ساڵە لە کۆنتڕۆڵی داعشدایە.
بەپێی زانیارییەکان ئەو چەکدارە سوریانەی کە حکومەتی تورکیا ئامادەی کردوون بۆ هێرشکردنە سەر جەرابلوس لەم گروپانە پێکهاتوون: فەیلەقی شام، ئەحرارولشام، سوڵتان موراد ، فیرقەی ١٣ و جەیشی سونە.
لە کۆتایی هەفتەی رابردووەوە تا ئێستا وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشەکە تۆپخانەکانی سوپای تورکیا چەندین جار بۆردومانی ناوچەکانی دەوروبەری جەرابلوسی کردووە، مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیاش لە دواین لێدوانیدا رایگەیاند دەبێت چەکدارانی داعش لە هەموو سنوورەکانی تورکیا دوور بخرێنەوە.
بەڵام هەندێک لە بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان هەوڵەکانی تورکیایان بە شانۆگەرییەک لە دژی رۆژئاوای کوردستانی ناوبردووە و پێیانوایە حکومەتی تورکیا رێککەوتنێکی ژێربەژێریان لەگەڵ داعش کردووە بۆ پاشەکشەکردنی چەکدارانی داعش لە جەرابلوس و مەبەستیشیان ئەوەیە ئەو شارۆچکەیە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرایەوە کۆنتڕۆڵ نەکرێتەوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی سەربازی جەرابلوس کە سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتە لە راگەیەنراوێکدا هۆشداریداوەتە تورکیا و رایگەیاندووە لە بەرامبەر دەستێوەردانەکانی تورکیا لە جەرابلوس بێدەنگ نابن.
ئەمە دووەمین هەوڵی تورکیایە لە ئەمساڵدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی نێوان جەرابلوس و ئەعزاز، لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵدا تورکیا دەرفەتێکی لە ئەمریکا وەرگرت بۆ ئەوەی لە رێگەی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سورییەوە ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە بەڵام داعش توانی شکست بەو هێزە بهێنێت کە تورکیا هێنابوونیە ناوچەکەوە، هەر بۆیە لە ئێستاشدا هەندێک لە چاودێران پێیانوایە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوری نزیک لە تورکیا ئەوەندە بەهێز نین کە بتوانن پاشەکشە بە داعش بکەن مەگەر ئەوەی رێککەوتنێکی ژێربەژێر لەگەڵ داعشدا کرابێت بۆ پاشەکشەکردن لە جەرابلوس.
