خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان باجی سیاسەتی ھەڵەی پەیەدە دەدەن

 	 خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان باجی سیاسەتی ھەڵەی پەیەدە دەدەن
بەرپرسی کۆمیتەی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سووریا لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت، بەھۆی سیاسەتی ھەڵەی پەیەدەوە و ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕژێمی سووریادا خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دەبنە قوربانی.

(نەواف ڕەشید) بەرپرسی کۆمیتەی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سووریا لە ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شەڕی حەسەکە لەنێوان ڕژێم و کوردە، بۆیە ئێمە زۆر جار باسمان کردووە ناکرێت متمانە بە ڕژێم بکەی، بەڵام پەیەدە پەیوەندی ورێککەوتنی لەگەڵ ڕژێم دروست کردووە ،کە ئەمەش بەھیچ شێوەیەک لە بەرژوەندیی کورددا نییە."

(نەواف ڕەشید) گوتیشی، ئەو شەڕە بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێتەوە؛ یەکەمیان ئەوەیە کە ئەو ھێڵەی ڕژێم بۆ پەیەدەی دیاریی کردبوو، بەزاندوویانە؛ یاخود پەیامێکە لەلایەن ڕژێمی ئەسەدوە بۆ تورکیا کە شەڕی پەیەدە دەکەین وئێمەپەیوەندیمان لەگەڵدا نییە، کە ئەمەش وای کردووە خەڵک ببێتە قوربانی."

بەرپرسی کۆمیتەی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سووریا لە ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، بەداخەوە بەھۆی سیاسیەتی ھەڵەی پەیەدە و رێککەوتنی لەگەڵ ڕژێمی سووریا خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دەبنە قوربانی و، رۆژ نییە شەھید نەدەن و ئاوارەی دنیا نەبن.
Top