رۆژنامەی دیڤێڵت : "تورکەکانی ئەڵمانیا" لەلایەن هەواڵگریی وڵاتەکەیانەوە دەترسێندرێن
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "دی ڤێڵت"ی ئەڵمانی، کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەندامانی لیژنەی چاودێریی هەواڵگری لە پەڕلەمانی ئەڵمانیا داوای وەڵامیان لە حکومەتەکەی ئەنجێلا مێرکلی راوێژکاری وڵاتەکەیان کردووە سەبارەت بە چالاکییەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی تورکیا (میت) لەناو خاکی ئەو وڵاتەدا پاش هەوڵی کودەتا سەربازییەکەی 15ی مانگی رابردوو.
هانس کریستیان شترۆبیلە، کە یەکێکە لە ئەندام پەرلەمانانی ئەڵمانیا لەسەر پارتی سەوزی ئەو وڵاتە، بە رۆژنامەی ناوبراوی راگەیاندبوو، کە " ئاستێکی باوەڕپێنەکراوی چالاکیی نهێنیی دەزگای میت-ی تورکی لە ئەڵمانیادا هەیە".
رۆژنامەی دی ڤێڵت، لە زاری "سیاسەتمەدارێکی ئەمنی" کە ناوەکەی ئاشکرانەکردووە، بڵاویکردووەتەوە، کە زۆرێک لەو 800 کارمەندە بەردەوامانەی میتی تورکی لە تەواوی ئەوروپادا بڵاوەیپێکردوون لە ئەڵمانیادان، ئەمەش سەرەڕای ئەو تۆڕە هەواڵگرییەی کە لە شەش هەزار هەواڵدەر پێکهاتوون و بە تەواوی ئەڵمانیادا بڵاوەیانپێکراوە.
ئەمە مانای وایە کە هەر 500 هاوڵاتییەکی بەڕەگەز تورک لە ئەڵمانیادا هەواڵدەرێکی دەزگای میت-ی لەو وڵاتەدا بەردەکەوێت.
سێ ملیۆن و 700 هەزار هاوڵاتی ئەڵمانی لە کۆی 81 ملیۆن، بە ڕەگەز تورکن یاخود هاوڵاتی تورکیان و دانیشتووی درێژخایەنن لەو وڵاتەدا.
دەزگای هەواڵگریی میت، لەلایەن هاکان فیدان-ەوە سەرپەرشتی دەکرێت و راستەوخۆ راپۆرت دەداتە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیران. کە هەردووکیان بە توندی فەتحوڵا گیولەن، رابەری بزوتنەوەی خزمەت تۆمەتباردەکەن بەوەی کە لە پشت هەوڵی کودەتا سەربازییەکەی 15ی تەموزی ئەمساڵەوە بووبێت.
دی ڤێڵت-
