بەریتانیا ئیدانەی هێرشەکانی پەکەکە و داعش دەکات

 بەریتانیا ئیدانەی هێرشەکانی پەکەکە و داعش دەکات
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایدەگەیەنێت، کە ولاتەکەی ئیدانەی هێرشەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و رێکخراوی توندڕەوی داعش لە کوردستانی باکوور و تورکیا دەکات.

بۆریس جۆنسۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە تویتێکدا لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاندووە، کە لە شەڕی دژی تیرۆر، بەریتانیا لەگەڵ تورکیا دەمێنێتەوە.

بۆریس جۆنسۆن هەروەها رایگەیاندووە، کە بە تەواوی ئیدانەی ھێرشەکەی شەوی ڕابردووی شاری غازی عەنتاب لە کوردستانی باکوور بە تایبەت و ”ھەموو ئەو ھێرشانە ھەفتەی ڕابردوو پەکەکە ئەنجامی داون“ بە گشتی، دەکات.

شەوی شەممە 20ـی ئابی 2016، تەقینەوەیەک لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە لە شاری غازی عەنتاب رووی دا و بووە هۆی گیان لەدەست دانی 50 کەس و بریندار بوونی 94 کەسی دیکە.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، حکوومەتی ئەو وڵاتە و بەرپرسانی پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیا رایانگەیاندووە، کە رێکخراوی توندڕەوی داعش تەقینەوەکەی ئەنجام داوە.

دوای کوشتنی دوو پۆلیسی تورکیا لە شاری پرسووس لەلایەن پەکەکەوە لە مانگی تەمموزی 2015، پرۆسەی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کۆتایی پێهات و شەڕی چەکداریی لە کوردستانی باکوور و تورکیا دروست بووەوە.











باسنيوز
Top