ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران دوای مردن رەگەزنامەیان پێ دەدرێت

 ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران دوای مردن رەگەزنامەیان پێ دەدرێت
بەرپرسانی ئێران بەردەوام باس لەوە دەكەن كە ڕۆڵی ڕاوێژكاری لە شەڕی سووریادا دەگێڕن، بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، بەرزبوونی ژمارەی كوژراوانی سوپای پاسداران و ئەفغانییەكانی دانیشتووی ئێران لە سووریادا دەردەخات.

بەشێكیان بە زۆر ڕەوانەی ئەو شەڕە كراون. ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە سێ ساڵی ڕابردوودا بە خستنەڕووی بەڵگە و ڕاپۆرتی تایبەت، ئاماژە بەوە دەدەن كە ئێران پەنابەرە ئەفغانییەكانی دانیشتووی وڵاتەكەی دەكاتە سووتەمەنی بەرژەوەندییەكانی خۆی لە ناوچەكەدا و لە بەرامبەر پارە و پێدانی مافی هاووڵاتیبوون بەرەو بەرەكانی شەڕی سووریایان دەنێرێت.

ئەگەرچی دەوڵەتی ئێران و ئەفغانستان ئەو ڕاپۆرتانە ڕەت دەكەنەوە، بەڵام ئێران لە دوایین كاردانەوەدا ڕایگەیاند: "ئەو ئەفغانییانە بە ئارەزووی خۆیان چوونەتە بەرەكانی شەڕ لە سووریا".

بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنامەی بەیانی ئەفغانستان، سوپای پاسداران بەرلە ڕەوانەكردنی پەنابەرانی ئەفغانی بۆ بەشداریكردنی شەڕ لە سووریا، لە تاران ڕاهێنانی سەربازییان پێدەكات، هاوكات حكوومەتی ئێرانیش، وەك پاداشت دوو كارتیان پێ دەدات، یەكەمیان بە ڕەنگی سوور كە كارتی مافی مانەوە لە ئێرانە و دووەمیش كارتی مافی هاتوچۆ بۆ شارەكانی دیكەی ئێرانە كە ڕەنگەكەی شینە.

لە ڕاپۆرتێكی دیكەدا و هەر بەپێی زانیارییەكانی ئەم ڕۆژنامەیە، پەنابەرێكی ئەفغانی گوتوویەتی، ئێران بە زۆر ڕەوانەی شەڕی سوریایان دەكات و ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ئێران دەستگیر دەكرێن و ڕەوانەی ئەفغانستان دەكرێنەوە.

بە گوتەی محەمەد ەلی فەلەكی، فەرماندەیەكی سوپای پاسداران لە سووریا، نیوەی كوژراوانی ئێرانی لە شەڕی سووریا پەنابەرە ئەفغانییەكانن.

فەلەكی بە ماڵپەڕی مەشرقی ڕگەیاندووە: "سەربازە ئەفغانییەكان لە بەرەی پێشەوەی شەڕ دەكەن و ئێرانییەكان لە هێڵەكانی پشتەوەی شەڕن". ئەمەش لە كاتێك دایە كە ئەفغانییەكەی بەشداربوو شەڕ لە سووریا، ئاشكرای كردووە كە ئەگەر كێشەیەك لە شەڕدا بێتە پێش، یەكەی پشتیوانی هیچ یارمەتییەكی سەربازە ئەفغانییەكان ناكات.

هاوكات سەرۆكی دامەزراوەی شەهیدی ئێران، ڕایگەیاندووە، تا ئێستا ئاماری 400 پەنابەری ئەفغانییان بەدەست گەیشتووە كە لە بەرەكانی شەڕ لە سووریا كوژراون. ئێران بە ئاشكرا لە شەڕی سووریا پشتیوانی لە مانەوەی بەشار ئەسەد دەكات و ژمارەیەكی زۆر لە فەرماندە و سەربازەكانی لە بەرەكانی شەڕ كوژراون، ئەمەش لەكاتێكدایە بەردەوام دووپاتی دەكاتەوە كە تەنیا لە ئاستی ڕاوێژكاری یارمەتیی هێزەكانی ڕژێمی ئەسەد دەدا.









باسنيوز
Top