ورمێ.. هێزە ئەمنییەکانی ئێران باوک و کوڕێکیان دەستگیر کرد

 ورمێ.. هێزە ئەمنییەکانی ئێران باوک و کوڕێکیان دەستگیر کرد
لە درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری ورمێ دوو کەس کە باوک و کوڕن، دەستگیریان کردوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی کوردپا، لە شاری ورمێ دوو هاووڵاتیی کورد کە چەند ڕۆژە لەمەوبەر دەستگیر کراون، لە گرتووخانەی ئیتلاعاتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزراون.

شوناسی ئەو باوک و کوڕە بە ناوی حەسەن پەیغامی (باوک) و فەرهاد پەیغامی (کوڕ) ڕاگەیەنراوە.

فەرهاد پەیغامی خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی زانکۆی ورمێیە و لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵی خۆیان لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دەستبەسەر کردنی فەرهاد، چوونەتە ماڵی باوکی فەرهاد و دەستیان کردووە بە پشکنین و هێندێک کەلوپەلی شەخسی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

دەگوترێ هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، باوکی ئەو خوێندکارە کوردەشیان دەستبەسەر کردووە.

بەپێی زانیارییەکان هێرە ئیتلاعاتییەکان بۆ وەرگرتنی دان پێدانانی زۆرەملی لە فەرهاد دەستیان کردووە بە لێدان و ئازار و ئەشکەنجەی ناوبراو، پاش چەند ڕۆژ بە جلوبەرگی خوێناوییەوە لەگەڵ باوکی بۆ زیندانی ناوەندی دەریای شاری ورمێ گوازرانەتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لەسەر بڕیاری بەرپرسانی زیندان حەسەن پەیغامی بۆ بەندی ٣و ٤ کە تایبەتە بە بەندی زیندانیانی پەیوەندیدار بە مادەی سڕکەر، هەروەها فەرهادیش بۆ بەندی لاوەکان گوازراونەتەوە.

ئەو خوێندکارە کوردە ڕایگەیاندووە، ئامادە نییە جلوبەرگە خوێناوییەکەی لەبەر دابکەنێت و لە لێکۆڵەرەوەکانی گرتووخانەی شاری ورمێ سکاڵا دەکات.

پێشتریش حەسەن پەیغامی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی " لە ساڵی 2008 دەستبەسەر و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زیندانەکانی تەورێز و ورمێ دا ڕاگیرابوو.

ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ بەردەوام باسیان لەوە کردووە کە وەزارەتی ئیتلاعات یەکێک لە ئۆرگانە سەرەکییەکانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە ئێرانە کە بە شێوەی سیستماتیک لە ڕەوتی سەرکوتی ئازادییەکان بەشداریی هەیە.









باسنيوز
Top