چاوشئۆغڵوو: لەگەڵ تاران پرسی په‌که‌که‌ و پەژاک تاوتۆی کرا

 چاوشئۆغڵوو: لەگەڵ تاران پرسی په‌که‌که‌ و پەژاک تاوتۆی کرا
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی سەردانە چاوەڕوان نەكراوەكەی ڕۆژی پێنجشەممەی خۆی بۆ تاران ڕای گەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران پرسی سووریا، یەمەن و گرووپە چەكدارەكانی پەكەكە و پەژاكیان تاوتۆی كردووە.

چاوشئۆغڵو كە بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی ھیند بكات، بەڵام بەرلە سەردانەكەی بۆ ئەو وڵاتە چووە تاران و لەبارەی ئەو سەردانەی بە كاناڵی ئەنادۆڵی گوت: "لە تاران سەبارەت بە پرسی سووریا، عێڕاق، یەمەن و چەكدارانی پەژاك و پەكەكە گفتۆگۆ كراوە".

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی توركیا، ڕۆڵی ئێران و ڕووسیا لە چارەسەریی كێشەكانی سووریا، عێراق و ناوچەكە زۆر گرنگە.

لەو سەردانەیدا چاوش ئۆغڵوو سوپاسی ھەڵوێست و پاڵپشتییەكانی ئێرانی لە حكوومەتی توركیا كردووە، بەتایبەت دوای كوودەتا ناسەركەوتووەكەی 15ی تەمووزی 2016 لەو وڵاتە و گوتی: "سەردانی ئەم دواییانەی محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئەنقەرە بە مەبەستی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیا بووە".

بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەو بارەیەوە ڕای گەیاند، گفتوگۆكانی دوو وەزیری دەرەوە ئێران و توركیا لە تاران پێنج سەعاتی خایاندووه‌.












باسنيوز
Top