شەڕڤانان شەش گوندى تریان لە باشوورى منبج کۆنتڕۆڵکرد
ئاژانسى هەواڵى هاوار ئەمڕۆ ١٩ى ئابی ٢٠١٦ بڵاویکردەوە، لە بەردەوامیى ئۆپراسیۆنى "شەهیدى فەرماندە فەیسەڵ ئەبو لەیلا" بۆ کۆنتڕۆڵکردنى منبج، قۆناغى دووەمى ئۆپراسیۆنەکە بەردەوامە.
ئاماژە بەوەشکراوە، شەڕڤانانى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج ئەمڕۆ لە باشوورى شارۆچکەى منبج و لە بەردەوامیى ئۆپراسیۆنەکەیاندا بۆ تێکشاندنى داعش لە منبج، شەش گوندى تریان بە ناوەکانى ئەلکەبیر، ترکیە ئەل سەغیر، هجیر ئەلکەبیر، جڤایا ماشی و بۆشاڤ- یان کۆنتڕۆڵکردووە.
لەو شەڕانەدا، شەش چەکدارى داعشیش کوژران و شەڕڤانانیش دەستیان بەسەر هاوەنێکى ١٢٠ و ژمارەیەکى ترى چەک و تەقەمەنیى چەکدارەکانى داعشدا گرتووە.
ئەنجوومەنى سەربازیى منبج
ڕۆژى ٢ى نیسانى ٢٠١٦ ئەنجوومەنى سەربازیى منبج بە بەشداریى هەر یەک لە کەتیبەى شەمس شیمال، شۆڕشگێڕانى منبج، لیواى فورات، لیواى جند ئەلحەرەمەین، لیواى شەهیدانى فورات، لیواى قەوسى، کەتیبەى تورکمانەکانى منبج لە کانتۆنى کۆبانێ لە ڕۆژئاواى کوردستان دامەزرا.
دەستەى بەڕێوەبەریى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج لە ١٣ کەس پێکهاتووە و عەدنان ئەبوو ئەمجەدیش فەرماندەیى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج دەکات.
ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنى منبج
لە ڕۆژى ١ى حوزەیرانى ٢٠١٦ەوە لەلایەن ئەنجوومەنى سەربازیى منبجەوە، کە ڕۆژى ٢ى نیسانى ٢٠١٦ەوە دامەزراوە، ئۆپراسیۆنی "شەهیدى فەرماندە فەیسەڵ ئەبو لەیلا" بۆ کۆنترۆڵکردنى منبج دەستیپێکردووە. لەو کاتەوە تا ئێستا نزیکەى ٢٠٠ گوندى گەورە و بچووک لە ڕووبەرێکى زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەدا لە دەورووبەرى منبج و هەموو ڕێگاکانى نێوان ڕەقە و سنوورى تورکیا لەلایەن شەڕڤانانەوە کۆنتڕۆڵکران.
لە ڕۆژى ٣ى حوەزیرانى ٢٠١٦ فەرماندەى ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنى منبج بە ناوى ئەبو لەیلا بە قورسى برینداربوو و لە دواى گەیاندنى بۆ نەخۆشخانى شار لە شارى سلێمانى و سەربارى هەوڵى پزیشکەکان ڕۆژى ٥ى حوزەیرانى ٢٠١٦ بە هۆى قورسیى برینەکەیەوە شەهید بوو و ڕۆژی ٦ى حوەزیرانى ٢٠١٦ بە ئامادەبوونى جەماوەرى کۆبانێ لە کۆبانێى ڕۆژئاواى کوردستان بە خاک سپێردرا.
هاوکات ئەنجوومەنى سەربازیى قەزاى منبج بڕیاریداوە، ناوى ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنى منبج بگۆڕێت بۆ ناوى "ئۆپراسیۆنى شەهیدی فەرماندە فەیسەڵ ئەبو لەیلا". شەهیدبوونى ئەو فەرماندەیە ژمارەیەک کاردانەوەى لێکەوتووەتەوە برێت مەک گۆرک نوێنەرى باراک ئۆباما بۆ شەڕى دژ بە داعش بەبۆنەى شەهیدبوونی ئەبوو لەیلاوە پەیامێکى بڵاوکردەوە.
ڕۆژی ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٦، فەڕەنسا هێزێکی ڕەوانەی منبج کرد بۆ هاوکاریکردنی شەڕڤانان.
دیجلە ئەحمەد هاوسەرى ئەبو لەیلا لە چاوپێکەوتنێکیدا لە دواى شەهیدبوونى ئەبو لەیلا ڕۆژى ٢١ى حوزەیرانى ٢٠١٦ ڕایگەیاند، بە خۆشەویستى هاوسەرگیریى لەگەڵ ئەبو لەیلادا کردووە.
هاوکات هەواڵى ئەوە بڵاوبوویەوە، کە ڕۆژی ١٤ى حوزەیرانى ٢٠١٦ یەکەم ژنە شەڕڤانى یەپەژە لە ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنى قەزاى منبجدا شەهید بووە.
شەڕڤان دەروێش وتەبێژى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج ڕۆژى ٨ى حوزەیرانى ٢٠١٦ ڕایگەیاند، لە ڕووى سەربازییەوە هێزەکانیان زاڵن بەسەر منبجدا و کۆنترۆڵکردنى ئەو قەزایە لە ئان و ساتدایە، بەڵام لەبەر پاراستنى ژیانى ئەو ژمارە هاووڵاتییە لە قەزاکەدا ماون بە هۆشیارییەوە پێشڕەوى دەکەن.
هاوپەیمانان ڕۆژى ٢٣ى حوزەیرانى ٢٠١٦ ڕایانگەیاند، لە ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنى منبجدا ٢٣٣ هێرشى ئاسمانییان لە دژى چەکدارەکانى داعش ئەنجامداوە.
هەروەها ڕۆژى ٢٤ى حوزەیرانى ٢٠١٦ عەدنان ئەبو ئەمجەد فەرماندەى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج ڕایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى منبجدا هەزار و ٣٠٠ چەکدارى داعش کوژراون و تەرمى ٨٠٠ چەکداریان لە دەستى شەڕڤاناندایە.
لە بەردەوامیى ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنى منبجدا، شەرڤانان ڕۆژى ٢ى تەمووزى ٢٠١٦ ماڵى ئەبو لەیلایان لە ناو شارى منبج کۆنتڕۆڵکرد.
لەگەڵ ئەو پێشهاتانەدا ڕۆژى ٩ى تەمووزی ٢٠١٦ یەکەیەکى تایبەت و قەناس بە دەستى یەپەگە چوونە قەزاى منبج، کە لە تاکتیکى شەڕدا پسپۆڕ بوون.
لە بەردەوامیى ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنى منبجدا، یەپەگە ڕایگەیاند، ڕۆژى ١٤ى تەمووزی ٢٠١٦ شەڕڤانێکى ئەمریکى بە ناوى لێڤی جۆناسان شێرلی (ئاگر شەڕڤان) لە ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى منبجدا شەهید بووە. هەروەها ڕۆژى ٣ى ئابی ٢٠١٦ شەڕڤانێکى ترى ئەمریکى بە ناوى جۆردن مەک تاگرت (جوان فرات) لەناو ڕیزەکانى یەپەگەدا لە شەڕى کۆنتڕۆڵکردنی منبجدا شەهید بووە.
لە ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنى منبجدا تاوەکو ڕۆژى ٧ى ئابی ٢٠١٦، ٢٠٠ گوند لە ڕووبەرى هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لەمنبجدا کۆنتڕۆڵکراون. ١٤٠ هەزار هاووڵاتى ڕزگارکران، کە ٦٥ هەزار هاووڵاتییان لە ناو شارۆچکەى منبجدا بوون و ڕزگارکراون. لەو ماوەیەشدا چوار هەزار چەکدارى داعش کوژراون و تەرمى دوو هەزار و ٣٠٠ چەکداریان کەوتووەتە دەست شەڕڤانان.
شەڕڤانانیش حەوت هەزار بۆمبى چێندراوى چەکدارەکانى داعشیان پوچەڵکردەوە، کە زیاتر لە سێ هەزار بۆمبیان تەنها لە ناو شارۆچکەى منبجدا چێندرابوون.
ڕۆژى ١٠ى ئابی ٢٠١٦، یەکەى پسپۆڕى پوچەڵکردنەوەى بۆمب لە ئەنجوومەنى سەربازیى منبج ڕایگەیاند، یەکەکەیان لە منبج و دەورووبەریدا ١٢ هەزار بۆمبى چێندراوى داعشیان پووچەڵکردووەتەوە.
لە دواى ڕۆژى ١٠ى ئابەوە، زۆربەى گەڕەکەکانى شارۆچکەى منبج لەلایەن شەڕڤانانى ئەنجوومەنى سەربازیى منبجەوە کۆنتڕۆڵکران و ئەو بەشە لە چەکدارەکانى داعش کە لە شارۆچکەکەدا مابوون لە چوار گۆشەى ئەمنیى منبجدا گەمارۆدرابوون و شەڕڤانانیش لە ماوەى دوو ڕۆژدا گروپە چەکدارەکانى داعشیان لە چوار گۆشەى ئەمنیدا تێکشکاند.
میدیاکان بڵاویانکردەوە، لە دواى ٧٣ ڕۆژ لە دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى منبج، ئێوارەى ڕۆژى ١٢ى ئابی ٢٠١٦ و لە کاتژمێر ٥:٠٥ خولەکەدا شارۆچکەى منبج بە تەواوەتى لەلایەن شەڕڤانانى ئەنجوومەنى سەربازیى منبجەوە کۆنتڕۆڵکرا.
ڕۆژی ١٥ى ئابی ٢٠١٦ ئەنجوومەنى سەربازیى منبج ڕاگەیاندراوێکى لەبارەى ئەنجامەکانى ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنى شارۆچکەى منبج لە ڕۆژئاواى کوردستان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو "لە ماوەى ٧٥ ڕۆژ شەڕى شۆڕشگێڕى، کە بەشێوەیەکى بەربڵاو بەڕێوە چوو چوار هەزار و ١٨٠ چەکداری داعش کوژراون و لەو ژمارەیەش تەرمى هەزار و ٧٢٤ چەکداریان کەوتووەتە دەست شەڕڤانان و ١١٢ چەکدارى داعشیش دیلکراون.
لە ڕاگەیاندراوەکەى ئەنجوومەنى سەربازیى منبجدا باسى ئەوەشکراوە، ٣٧ ئۆتۆمبێلى سەربازى کە چەکى دۆشکەیان لەسەر بووە، ٢٦ هاوەن، پێنج تۆپ و ١٥ ئۆتۆمبێلى زرێپۆشى چەکدارەکانى داعش، کە بەگشتنى ژمارەیان دەکاتە ١٤٤ ئۆتۆمبێل و چەکى قورس، لەلایەن شەڕڤانانەوە تێکشکێنراون.
هەروەها لە ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنى منبجدا، هەزار ٢٦٨ چەکى جۆراجۆرى کەسی، ٢٥ چەکى دۆشکەى جۆراجۆر، ٣٤ هاوەن کەوتووەتە دەست شەڕڤانان.
بەپێى ڕاگەیاندراوەکەى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج، لە ماوەى ٧٥ ڕۆژ ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنى منبجدا، ٢٦٤ شەڕڤانى کورد و عەرەب شەهید بوون.
قەزاى منبج سەر بە ناوچەى شەهبایە و ناوچەى شەهبا دەکەوێتە نێوان کانتۆنەکانى کۆبانێ و عفرین هەر یەک لە ناوچەکانى منبج، جرابلۆس، باب و ئەعزاز لە خۆى دەگرێت.
ر.م
