ئەردۆگان: با ئەمەریكا لێگەڕێ خۆمان دادگایی گولەن بكەین
رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند ئێمە بە ئەمریکا دەڵێین ئەی ھاوبەشی ستراتێژی نین؟ ئایا لە نێوانماندا رادەستکردنەوەی تاوانباران نییە؟ ئێوە ئەو کاتەی ویستتان ئێمە تیرۆریستانمان بێ بەڵگەنامە رادەست کردن.
ئەردۆگان ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێكدا رەخنە لە ئەمەریكا دەگرێ بەوەی فەتحوڵا گولەن سەرۆكی رێكخراوی خزمەتیان رادەست ناكاتەوە و گوتی "ئێمە پێشتر لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی رادەستکردنەوەی تاوانباران دەستبەجێ ئەو تیرۆریستانەمان بە ئێوە داوە كە داواتان كردووە. ئێستا ئێمە یەک تیرۆریستمان دەوێت و لەبارەی رادەستکردنەوەی ئەو تیرۆریستە بڕیاری دادگاش ھەیە و کە بەشێکمان رەوانە کردووە و ئیتریش رەوانە دەکەین. واز بھێنن ئێمە دادگایی بکەین".
هەروەها گوتی "مانای نییە رادەستكردنەوەی گولەن ھێندە درێژەی پێ بدرێت. تەماشا بکەن پێشھاتی وڵاتەکانمان لەو خاڵەدا بۆ رێڕەوی زۆر جیاواز دەچێت".
رۆژی 15ی تەمووزی رابردوو كودەتایەكی سەربازی لە هەردوو گەورە شاری ئەنقەرە و ئەستەنبۆڵ بەڕێوەچوو، دوای شكستهێنانی فەتحوڵا گولەن كە نیشتەجێی ئەمەریكایە بەئەنجامدەری كودەتاكە تۆمەتبار كرا.
