ئێف بی ئای دۆکیۆمێنتەکانی هیلاری كلینتن دەنێرێتە کۆنگرێس

ئێف بی ئای دۆکیۆمێنتەکانی هیلاری كلینتن دەنێرێتە کۆنگرێس
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکی (FBI) رایگەیاند، دۆکیۆمێنتەکانی تایبەت بە لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ هیلاری كلینتن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا و بەربژێری ئێستای دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە رەوانەی کۆنگرێس کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، پێشبینیدەکرێت لەنێو ئەو دۆکیۆمێنتانەی کە FBI رەوانەی کۆنگرێسی کردووە، کۆی ئەو چاوپێکەوتنە سێ کاژێر و نیوەی تێدابێت کە ئەو دەزگایە لەگەڵ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لە تەمموزی رابردوو ئەنجامیداوە و هەروەها هۆکارەکانی سزانەدانی ناوبراویان روونکردبێتەوە.

راوانەکردنی ئیمەیڵەکانی هیلاری کلینتن، بۆ کۆنگرێس لەکاتێکدایە بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس بەتایبەتیش کۆمارییەکان، تێبینیان لەسەر لێکۆڵینەوەکانی FBIی لەبارەی ئیمەیڵەکانی هیلاری کاتێک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە، هەیە.

FBI لەراگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە دۆکیۆمێنتەکانی تایبەت بە کەیسی ئیمەیڵەکانی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکای بۆ چەند لیژنەیەکی پەیوەندیداری کۆنگرێس رەوانەکردووە، بەڵام ئەو دۆکومێنتانەی نێردراون پۆلێنکراون.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش، لەبارەی پۆلێنکردنی ئەو دۆکیۆمێنتانە رایگەیاندووە، بەشێک لە ئیمەیڵ و دۆکیومێنتەکان زانیاری نهێنی گرینگی دیپلۆماتی تایبەت بە وەزارەتی دەرەوەی تێدابووە، بۆیەش رەوانەی کۆنگرێس کراون و بە پۆلێنکراوی نێردراون.

رەوانەکردنی دۆکیۆمێنتەکانی تایبەت بە هیلاری بۆ کۆنگرێس نیگەرانی لای دیموکراتەکان، بەتایبەتیش ئەندامانی کەمپینی هیلاری بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا دروستکردووە، دیموکراتەکان دەڵێن، رەنگە کۆمارییەکان ئەو بەڵگانە لە دژی بەربژێری دیموکراتەکان بەکاربهێنن و نیشانەی پرسیاریش لەسەر لێکۆڵینەوەکانی FBI دروستبکەن.
Top