گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆكەخانەی سەنعا دەستیپێكردەوە

گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆكەخانەی سەنعا دەستیپێكردەوە
لەسەر داواكاری ئاژانسەكانی فریاگوزاری نێودەوڵەتی، كە لە یەمەن كاردەكەن، هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە رازیبوو گەشتە ئاسمانییە مرۆییەكان بۆ فڕۆكەخانەی سەنعای نێودەوڵەتی دەستپێبكاتەوە، دوای دەستپێكردنەوەشی سێ‌ فڕۆكەی سەر بە ئاژانسەكانی فریاگوزاری لە فڕۆكەخانەی سەنعا نیشتنەوه.

تاوەكو ئێستا بواری ئاسمانی یەمەنی و گەشتە ئاسمانییەكان داخراون و لەژێر كۆنترۆڵی هاوپەیمانی عەرەبیدایە، كه لە 8 ئابی 2016 بۆ ماوەی 72 كاژێر فڕۆكەخانەی سەنعای داخست.

فڕۆكەخانەی سەنعای نێودەوڵەتی، كە لەڕێگەی هێڵی ئاسمانی یەمەنی رۆژانە دوو گەشتی تێدا ئەنجامدەدرێت، هیچ گەشتێكی دیكەی مەدەنی بەخۆیەوە نابینێت، ئەوەش كێشەی بۆ یەمەنییەكانی دەرەوە و ناوەوەی وڵات دروستكردووە و بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم گەشتكردنیان.

مازن ئەحمەد غانم، گوتەبێژی دەستەی گشتی فڕۆكەوانی كە حووسییەكان بەڕێوەیدەبەن گوتی "بەهۆی داخستنی فڕۆكەخانەی سەنعا گەلانی یەمەن لە دەرەوە و ناوەوە كێشەیان بۆ دروستبووە، بەپێی دوایین ئامارەكانیش لە 9ی ئابی 2016 تاوەكو ئەمڕۆ ژمارەی ئەو كەسانەی دەیانەوێ‌ گەشت بكەن و یان بگەڕێنەوە 7323 گەشتیارن و 3700 یان لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردوە".
Top