ئەڵمانیا دوبارە چەکی ڕەوانەی هەرێم کردەوە

ئەڵمانیا دوبارە چەکی ڕەوانەی هەرێم کردەوە
وەزارەتى بەرگرى ئەڵمانیا رایگەیاند، دوای وەرگرتنی گرەنتی نەفرۆشتنی چەکەکان لە بازاڕدا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، جارێکی تر چەک و تەقمەنیان ڕەوانەى پێشمەرگە کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، شەوی سێشەممەى رابردوو وڵاتەکەى بڕی ٧٠ تەن چەک و تەقەمەنی رادەستی حکومەتی هەرێم کردووە لە هەولێر، کە هەزار و ٥٠٠ چەک و ١٠٠ موشەک و سێ ئۆتۆمبیلی گولـلە نەبڕی تێدایە.

وتەبێژەکەى وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا وتیشی، پاش ئەوەى حکومەتی هەرێم بەڵێنی گرەنتیکردنی پاراستنی چەکەکان و نەفرۆشتنی لە بازاڕی ڕەشدا پێداون، جارێکی تر دەستیانکردووەتەوە بە ناردنی چەک بۆ پێشمەرگە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ فرانز جۆزێف کرێمپ باڵیۆزی نوێى ئەڵمانیا لە عێراق لەگەڵ بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە و ڕایگەیاند ئەڵمانیا لەسەر هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕووی سەربازیی و مرۆییەوە بەردەوام دەبێت.

سەرەتاى ئەمساڵ میدیا ئەڵمانییەکان بڵاویانکردەوە بەشێک لە هێزەکانى پێشمەرگە بەهۆى قەیرانى دارایى و دواکەوتنى موچەوە ئەو چەکانەیان لە بازاردا فرۆشتووە کە لەلایەن ئەڵمانیاوە دراون بە هەرێمى کوردستان، دواى بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵانەش حکومەتی ئەڵمانیا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە راگرت.

لەسەر دۆسییەکەش وەزارەتى پێشمەرگە لیژنەى لێکۆڵینەوەى پێکهێنا و ڕایگەیاند ژمارەیەک ئەفسەر و پێشمەرگە دەستگیرکراون و هەندێکیشیان چەکەکانى خۆیان کڕیوەتەوە کە فرۆشتبوویان.
Top