رۆژنامه‌نووسێکی دیاری توركیا: تا كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر نه‌كرێت مه‌ترسیی كوده‌تا ناڕه‌وێته‌وه
له دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ گۆرموش باسی چه‌ندین ته‌وه‌ری گرنگ له توركیا ده‌كات به تایبه‌ت كێشه‌ی كورد.
ئه‌و له‌باره‌ی دووباره پێكهێنانه‌وه‌ی پێكهاته‌ی سه‌ربازی له توركیا، به تایبه‌ت دوای پاككردنه‌وه‌ی گوله‌نییه‌كان له‌ناو سوپا ده‌ڵێت: "توركیا ده‌بێ ببێته خاوه‌ن سوپایه‌كی به‌هێز و كاریش بۆ ئه‌و لایه‌نه ده‌كرێت، باشه ئاساییه تۆ گوله‌نییه‌كان له سوپا پاك بكه‌یته‌وه، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ت له بیر بچێت كه ده‌بێ له چوارچێوه‌ی دیموكراتیدا ئه‌و كاره ئه‌نجام بده‌یت و له رووی ته‌كنیكیشه‌وه بره‌و به‌و سوپایه بده‌یت. ده‌بێ ئامانجی حكوومه‌ت له دووباره پێكهێنانه‌وه‌ی سوپا دڵنیاكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك بێت به‌وه‌ی جارێكی دیكه سوپا كوده‌تای به‌سه‌ردا ناكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌شیان هه‌ر به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد نابێت. من ده‌ڵێم تا كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر نه‌كرێت مه‌ترسیی كوده‌تا له توركیا كۆتایی نایه‌ت".
گۆرموش ئاماژه ده‌دات كه گوله‌نییه‌كان به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یانویستوه كێشه‌ی كورد له توركیا چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆیه له‌و رووه‌وه هه‌رچیان له‌ده‌ست بێت كردوویانه.
ئه‌و نموونه‌ی كۆمه‌ڵكوژیی رۆبۆسكی ده‌هێنێته‌وه و ده‌ڵێت ئه‌وكات هه‌ر به بڕیاری گوله‌نییه‌كان كۆمه‌ڵكوژیی رۆبۆسكیان ئه‌نجام دا تا پرسی چاره‌سه‌ری كۆتایی پێ بێت، چونكه ئه‌وان حه‌ساسییه‌تیان له‌گه‌ڵ كوردا هه‌یه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی سه‌ر به گوله‌ن زنجیره‌درامای وا نیشان ده‌درا كه كوردی وه‌كو كاره‌كته‌رێكی خراپ وه‌سف ده‌كرد و له هه‌مان كاتدا ئامانجیان ئه‌وه‌بوو كه بڵێن ناكرێت له‌گه‌ڵ كوردا دانوستاندن بكرێت. جگه له‌وه‌یش خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه روسییهكهیش هه‌ر به فه‌رمانی گوله‌نییه‌كان بووه بۆ تێكچوونی په‌یوه‌ندیی نێوان روسیا و توركیا. ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت تاوانبارانی كۆمه‌ڵكوژیی رۆبۆسكی سزا بدات، ئه‌وكات ده‌ری ده‌خان كه ده‌یه‌وێت كێشه‌ی كورد به رێگه‌ی ئاشتییانه چاره‌سه‌ر بكات".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی دوای هه‌وڵی كوده‌تایه‌كه‌ی 15ی تهمووز ئه‌ردۆگان هه‌ده‌په‌ی خستووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی سیاسیی توركیا و له هیچ بۆنه‌یه‌كدا داوه‌تیان ناكات، پێیوایه كه ئه‌و ره‌فتارانه هه‌ڵه‌یه و سووكایه‌تییه به ئیراده‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌نگیان به هه‌ده‌په داوه.
گۆرموش ده‌ڵێت: "هه‌ر له‌م رۆژنامه‌یه‌ی ئێوه‌دا دیمانهیهكتان له‌گه‌ڵ جێگری راوێژكاری پێشووی میتی توركیا كرد و گوتی پێویسته به پێوه چه‌پڵه بۆ هه‌ڵوێستی كورد لێ بده‌ین كه چۆن دژی كوده‌تا وه‌ستانه‌وه، كه‌واته كورد و هه‌ده‌په به‌ئاشكرا دژی كوده‌تا بوون. ره‌نگه هه‌ده‌په هه‌ڵه‌ی هه‌بوبێت و ره‌نگه گیانی ئاك پارتی و ئه‌ردۆگانی ئازار دابێت، به‌ڵام هه‌رگیز به‌و مانایه نییه كه تۆ بیخه‌یته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی سیاسییه‌وه، ئه‌گه‌ر وات كرد كه‌واته تۆ سووكایه‌تی به ئیراده‌ی 6 ملیۆن ده‌نگده‌ر ده‌كه‌یت. من نازانم بۆچی تاوه‌كو ئێستایش ئه‌ردۆگان له كورده‌كان نیگه‌رانه، ده‌بێ به نیازی چی بێت؟ ئایا رێككه‌وتنێكی ژێربه‌ژێری كردووه تا كورد و هه‌ده‌په بخاته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی سیاسی له توركیا؟ ئه‌مه ده‌بێت وه‌ڵام بدرێته‌وه".
هه‌روه‌ها له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه ده‌دات كه ئه‌گه‌ر هه‌ده‌په بخرێته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی سیاسی له توركیا، كه‌واته ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته رێگر له به‌رده‌م چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد ته‌نیا گوله‌نییه‌كان نین، به‌ڵكو كه‌سانێك هه‌ن له‌ناو حكوومه‌تیش دژی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كوردن.
