داعش بەڵێنی درۆ بەچەکدارەکانی دەدات
هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری خازر كە نزیك بە 40 كیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر لە دوو رۆژدا 150 كیلۆمەتر چوارگۆشە لەدەستی چەكدارانی داعش دەردەهێنن و چەندین ناوچەی ستراتیژی كۆنتڕۆڵ دەكەنەوە كە لەنێویاندا چەند گوندێك هەیە پێشتر هەڕەشە بوون بۆ سەر ناحییەی گوێڕ سەر بە قەزای مەخموور و هەروەها لەسەر شاری هەولێریش.
بەرەبەیانی دوێنێ یەكشەممە هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری ئاماژەبۆكراو هێرشێكیان بۆ سەر چەند گوندێكی ژێر دەستی داعشیان دەست پێكرد كە بە زۆرینە دانیشتوانییان پێشتر كاكەیی و شەبەك بوون و لەماوەیەكی كەمدا سەرجەم ئەو گوندانە كە 10 گوند بوون رزگاركران و ئەمڕۆ دووشەممەش پێشمەرگە بۆ قایمكردنی خاڵ و پێگەكانی خۆی لەو سنوورە رێوشوێنەكانی درێژە پێدا.
هێزەكانی پێشمەرگە لێرە چەكی قورسیشیان پێیە، دەنگێكی ئەوتۆی تەقە لەم ناوچەیە نابیسترێت، فەرماندەیی هێزەكانی پێشمەرگە باسی لەوەكرد لەو شەڕانەی دوێنێ یەكشەممە زیاتر لە 130 چەكداری داعش كوژراون، بەڵام پێشمەرگەكان یەك قسەیان هەبوو، ئەویش ئەوەیە چەكدارانی داعش وەكو جاران توانای بەرگرییكردن و هێرشكردنە سەر پێشمەرگەیان نەماوە، ئەوان كۆكن لەسەر ئەوەی چیتر داعش هێزە ئەفسانەییە ترسناكەكە نییە، ئەوەشی ئێستا بە پلەی یەكەم پشتی پێ دەبەستێت بۆمبی چێنراو، ئۆتۆمبیل و خانووی بۆمبڕێژكراو، چەكداری خۆكوژە.
لیوا بەشدار ئیسماعیل یەكێك لە فەرماندەییەكانی هێزەكانی پێشمەرگە لەبارەی شەڕەكانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "پلانی هێرشكردنە راستەوخۆ لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دانرا، هێرشەكە لە دوو قۆڵەوە بوو، لەماوەیەكی زۆر كەم چەندین تیرۆریستمان كوشت و رووبەرێكی زۆری خاكمان كۆنتڕۆڵ كردەوە، چەكدارانی داعش هیچ بەرگرییەكی ئەوتۆ ناكەن، ناتوانن، ئێمە لێرە گەیشتینە دواین خاڵەكانی سنووری كوردستان و بەخوێن گرتوومانە و دەبێت بەخوێن بەرگریی لێ دەكەین".
گوتیشی "ئەوە سنووری دەوڵەتی كوردییە، لێرەوە بارزانی دەڵێت دەوڵەتی كوردی زۆر نزیك بووەتەوە، ئەوەی بەدەستمان هێنا دەستكەوتە و زۆر بە ئاسانی دەسمان نەكەوتووە، با لەناوخۆ دەستی بێگانە رانەكێشین و واز لە ناكۆكی بهێنین و دەست لەناو دەستی یەكتر بخەین".
لیوا بەشدار ئیسماعیل روونیشی كردەوە "ئەوەی رزگاركراوەتەوە 22 كیلومەتر درێژیی و 130 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، چەندین ئۆتۆمبێلی داعشمان كەوتووەتە دەست و چەك و تەقەمەنیشیان بەجێ هێشتووە، لە ئامێری بێ تەلەوە گوێمان لێ بووە كە لە مووسڵەوە بە چەكدارەكانی ئەم ناوە دەڵێن ئێوە لە بەهەشت نزیك بوونەتەوە و میوانی پێغەمبەرن، بەڵام پێغەمبەر لەوان دوورە".
ئێستا بە كۆنتڕڵكردنەوەی ئەو ناوچەیە ئاسایشی شاری هەولێر، ناحییەی گوێڕ، قەزای مەخموور، قەزای خەبات پتر پارێزراوتر دەبێت وەكو پێشتر، چونكە رووبەری كۆنتڕڵكراوە زۆرە و لەماوەیەكی پێوانەییدا بەدی هاتووە، كە تێیدا فڕۆكەكانی هاوپەیمانان رۆڵی بەرچاوییان هەبووە لە هێرشكردنە سەر داعش.
تا دێت داعش بەرەو مووسڵ دەكشێت، ئێستا پێشمەرگە لەگوێڕەوە نزیكەی 35 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵ"پایتەختی خەلافەتی داعش"ەوە دوورە، داعش ماوەیەكە بەتایبەت لە ساڵی 2016 رووبەرێكی زۆری زەوی لەدەستداوە و باس لەوە دەكرێت شەڕی گرتنەوەی مووسڵ نزیكە.
