لە كۆمارى ئيسلامى ئيرانى، ڕۆژانە هەشت تووشبووی مادە هۆشبەرەکان گیان لەدەست دەدەن
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کاری ئێران (ئیلنا) ئیرەج حەریرچی، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سەرەرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکانی بە نەخۆشی وەسف کردووە و بە چوارەمین هۆکاری مەرگی هاووڵاتیانی ئێرانی لەقەڵەمی داوە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕاشیگەیاندووە "لەناو کەسانی تووشبوودا و بەتایبەت پیاوانی تەمەن 18 هەتا 30 ساڵ کە بۆ جاری دووەم تووش دەبن، دەبێتە هۆی نەخۆشی و چارەسەرکردنیان ئەستەمە.
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران، دوو ساڵ لەمەوبەر عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، وەزیری ناوخۆی ئێران ڕایگەیاندووە "لە ئێران ڕۆژانە 9 کەس بەهۆی تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکان گیان لەدەست دەدەن."
لە ئێران هیچ ناوەندێکی سەربەخۆ و فەرمی بۆ بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی تووشبوان بە مادە هۆشبەرەکان نییە و زۆربەی ئامارە حکوومییەکان دوورن لە ڕاستی.
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕاشیگەیاندووە "65%ی ئەو کەسانەی لە ئێران تووشی ئایدز (HIV) بوون، تووشبوانی مادە هۆشبەرەکانن و 14%ی تووشبوانیش ئەو تووشبوانەش کە دەرزی بەکار دەهێنن، هاوکات تووشی ئایدزیش بوون.
هەر بەپێی هەمان سەرچاوە 50%ی بەکارهێنەرانی مەادە هۆشبەراکان تووشی نەخۆشیی "هیپاتیت سی" بوون، هیپاتیت سی جۆرێکە لە هەوکردنی هەناو کە بەگشتی سییەکان دەگرێتەوە و ئەگەری زۆرە کەسەکە تووشی شێرپەنجە بکات.
هەر لەم بارەوە حەمید سەرامی، ڕاوێژکاری بەڕێوەبەری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرکانی ئێران ڕایگەیاندووە "چالاکییە پێشگیرییەکانی مادە هۆشبەرەکان لە ئێران 35 ساڵ لە ئاستی ڕێژەی جیهانی لە دواترە."
گوتیشی "58%ی تووشبوان بە مادە هۆشبەرەکان لە ئێران تەمەنیان کەمترە لە 34 ساڵ."
باسنيوز
