سەرۆكی دەزگای دادوەری ئێران: سزای سێدارە شەرعی و یاساییە

سەرۆكی دەزگای دادوەری ئێران: سزای سێدارە شەرعی و یاساییە
سەرۆكی دەزگای دادوەری ئێران لەبارەی بڵاوبوونەوەی فایلێكی دەنگی حوسێنعەلی مونتەزێری كەسی دووەم و یەك لە دامەزرێنەرە سەرەكییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە ئیدانەی لەسێدارەدانەكانی 1988 دەكات ڕای گەیاند، لەسێدارەدرانی ئەو كەسانە شەرعی و یاسایی بووە و ھیچ ڕەخنەیەك ھەڵناگرێت.



بەگوێرەی زانیارییەكانی (ئیسنا)، سادق لاریجانی، سەرۆكی دەزگای دادوەری ئێران دوێنی لە دانیشتنێكی لەگەڵ بەرپرسانی دەزگای دادوەری ئەو وڵاتە بەرگری لەسیدارەدرانی 5000 بەندكراوی سیاسیی كرد كە ساڵی 1988 بە فەرمانی ئەو دەزگایە ئەو سزایەیان بەسەردا جێبەجێ كرا.



بەگوتەی لاریجانی ھەر كردەوەیەك شەرعی لە پشتەوە بێت، ڕەخنە ھەڵناگرێت و گوتی: "سزای گرووپەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ئاشكرایە، بەڵام بەداخەوە ھەندێك كەس دەڵێن، دەبێ داوای لێبوردن لە كەسوكاری لەسێدارەدراوەكان بكرێت".



سەرۆكی دەزگای دادوەری ئێران ھەڕەشەش لەو كەسانە دەكات كە بكەونە ژێر كاریگەری میدیا بیانییەكان و بڕوا بەو فایلە دەنگییانە بكەن و دەڵێ: "ئەوانە ئاوازی شەیتانین".



بەمدوایانە ماڵپەڕی فەرمی حوسێنعەلی مونتەزێری، یەكێك لە دامەزرێنە سەرەكییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران فایلێكی دەنگی لەبارەی لەسێدارەدانەكانی ساڵی 1988 بڵاو كردووەتەوە و تێیدا مونتەزێری لەسێدارەدانی ئەو كەسانە بە گەورەترین تاوانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ناو دەبات.



ئەو فایلە دەنگییە تایبەتە بە دەربڕینی ناڕەزایەتی مونتەزێری كە لە كاتی لەسێدارەكاندا، قایمقامی ڕووحوڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.



لە فایلە دەنگییەدا مەنتەزری بەرانبەر بە مورتەزا ئەشرەفی، دادوەر، حوسێنعەلی نێری دادوەری شەرعی، ئێبراھیم ڕەئیسی جێگری دادوەر و موستەفا پوورمحەمەدی نوێنەری ئیتلاعاتی بەندیخانەی ئێڤین ناڕەزایەتی دەردەبرێت و دەڵێ: "لەسێدارەدانی ئەو بەندكراوانە تاوانە و لە داھاتوودا ناوتان دەچێتە لیستی تاوانبارانی مێژووەوە".



ساڵی 1988 نزیكەی 5000 بەندكراوی سیاسیی لەلایەن دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەسێدارە دران كە بەشێكیان ئەندامانی موجاھیدینی خەڵقی ئێران و حزبە چەپەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بوون، ھاوكات بەشێكی بەرچاویشیان ئەندامانی حزبە كوردییەكانی كوردستانی ڕۆژھەڵات بوون، زۆربەی ئەو لەسێدارەدراوانە لە گۆری بەكۆمەڵدا بەخاك سپێردران.








باسنیوز
Top