بۆمبە گەڕۆكەكان بە ئەوروپادا دەسووڕێنەوە
سارفۆ كە لە زیندانێكی شاری برێمن لە ئەڵمانیا دەستبەسەرە، لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزدا ئاشكرای دەكات "زۆر راشكاوانە قسەیان دەكرد، دەیانگوت خەڵكێكی زۆریان لە ئەوروپا هەیە كە چاوڕێی فەرمانی هێرش دەكەن". ئەم گفتوگۆیەی سارفۆ و چەكدارانی داعش بەر لە هێرشەكانی پاریس و بروكسل بووە. وەكوو سارفۆ دەگێڕێتەوە: "ئەوان بەردەوام جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە حەزیان لە زنجیرە هێرشی هاوكاتە، بۆ نموونە هێرشی هاوكات لە ئینگلتەرا، ئەڵمانیا و فەرەنسا".
دەزگای سیخوڕیی داعش
هێرشەكانی ساڵی رابردووی پاریس سەرنجی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەوروپای بۆ لای تۆڕێكی بەرفراوانی هێرشەكانی داعش لە رۆژئاوا راكێشا. ئەندامانی ئەم تۆڕە بەشێكن لە دەزگایەكی هەواڵگریی داعش بە ناوی "ئەمنی" كە تێكەڵەیەكە لە هێزەكانی پۆلیس و لقی چالاكییە دەرەكییەكانی داعش. بە گوێرەی هەزاران لاپەڕە لە زانیاریی دەزگا هەواڵگرییەكانی فەرەنسا، بەلجیكا، نەمسا و ئەڵمانیا كە دەست نیویۆرك تایمز كەوتووە، ئەركی لقی چالاكییە دەرەكییەكانی داعش ناردنەوەی تیمەكانی تیرۆرە بۆ وڵاتانی دەرەوەی سنووری دەسەڵاتی داعش.
بەگوێرەی دوكیۆمێنتەكان دەزگای سیخوڕیی داعش لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئەبو محەممەد ئەلعەدنانیدایە كە هاوكات گوتەبێژی داعش و بەرپرسی پڕوپاگەندەی داعشیشە. لە ئاستی خوارتردا بەشی چالاكییەكانی ئەوروپا، بەشی چالاكییەكانی ئاسیا و بەشی چالاكییەكانی وڵاتانی عەرەبی هەیە. ئەم بەشانە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەلعەدنانی لەلایەن فەرماندەكانی دیكەی داعشەوە بەڕێوە دەبردرێن.
دەزگای "ئەمنی" لە هەموو بەشەكان ئەندام وەردەگرێت، هەر لە تازە گەیشتووەكانەوە هەتا فەرماندە جەنگییەكانی داعش. ئەندامانی ئەم دەزگایەش بەپێی رەگەزنامە و زمان و نەتەوە بەسەر گرووپ و چالاكی جیاجیادا دابەش دەكرێن. بە گوتەی سارفۆ، هەماهەنگییەكی تەواو لەنێوان "ئەمنی" و بەشی پڕوپاگەندەی داعشدا هەیە و لە كۆبوونەوەدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت كام دیمەنی مەیدانەكانی جەنگ لەگەڵ كام دیمەنی هێرشەكان دابنرێ.
جگە لە هێرشە رێكخراوەكانی پاریس و بروكسل ژمارەیەك هێرشی دیكەش لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا كراون كە دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەوروپا نەیانتوانیوە سەرەداوی پەیوەندی نێوان هێرشكەرەكە و داعش بدۆزنەوە. سارفۆ دەڵێت كۆمەڵێك پەیوەندی لەنێوان هێرشكەرەكان خۆیان و داعشدا هەیە كە هەتا ئێستا نەدۆزراوەتەوە. بە گوتەی سارفۆ داعش كەسانی تازە موسڵمان بەكاردەهێنێ بۆ ئەوەی ببنە هێڵی پەیوەندیی نێوان هێرشكەرەكان.
بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا ئاماژەیان بەوە كردووە كە داعش سەدان چەكداری رەوانەی ئەوروپا كردووە و سەدان كەسیشیان لە توركیا ماونەتەوە.
چۆنێتی وەرگرتنی چەكدار
لە نزیك سنوورەكانی نێوان سووریا و توركیا داعش كۆمەڵێك بنكەی داناوە كە تایبەتن بە لێكۆڵینەوە لەو كەسانەی دەیانەوێت بێنە نێو رێكخراوەكەوە. سارفۆ لە یەكێك لەو شوێنانە پەنجەمۆری لێ وەرگیراوە، تاقیكردنەوەی خوێنی بۆ كراوە و زانیارییە سەرەتاییەكانی لێوەرگیراوە.
جگە لە پرسیارە گشتییەكانی وەكوو ناو، ئاستی خوێندن، خولیا و ئامانج، كۆمەڵێك پرسیاری تایبەت بە باكگراوندی ژیانیش لە كەسەكان دەكرێت.
سارفۆ پێش چوونی بۆ سووریا بەردەوام سەردانی مزگەوتێكی توندڕەوەكانی دەكرد لە برێمن، ئەم مزگەوتە پێشتر 20 چەكداری رەوانەی سووریا كردبوو كە گومان دەكرێت چواریان لە جەنگدا كوژرابن. سارفۆ ماوەی یەك ساڵیش بەهۆی دزینی 23 هەزار یورۆ لە سوپەرماركێتێك زیندانی كرابوو. سزای دزی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش بڕینی دەستی تاوانبارە، بەڵام ئەگەر كەسەكە لە وڵاتەكەی خۆی پێشینەی تاوانی هەبێت، ئەوە داعش وەكوو خاڵێكی باش سەیری دەكات "بەتایبەتیش ئەگەر بزانن كەسەكە تاوانێكی بەبەرنامەی كردووە، بۆ نموونە ناسنامەی ساختەی دروستكردووە، یان قاچاخچیی شارەزا دەناسێ".
سارفۆ كە ئاكامی لێپرسینەوەكانی خۆ لە 500 لاپەڕە دەدات، یەكەمجار بەنیاز بووە لە سووریا و عێراق بەشداری شەڕەكان بێت، بەڵام رێكخراوەكەی شتێكی دیكەی لە خەیاڵدا بووە. دەزگای سیخوڕیی داعش پێیانگوتووە "لە ئەڵمانیا و بەریتانیا خەڵكێكی زۆرمان نییە هێرش ئەنجام بدات، پێشتر هەمانبوو، بەڵام ئێستا ساردبوونەتەوە". وەك لە دانپێدانانەكانی سارفۆدا دەردەكەوێت، داعش ژمارەیەكی زۆر لایەنگری لە فەرەنسا هەیە، هەر بۆیە كاتێك سارفۆ پرسیاری فەرەنسای لێكردوون، ئەوان قاقایان لێداوە و گوتوویانە "خەمی فەرەنسات نەبێت، ما فی مشكلە".
سەرەتا كاری "ئەمنی" تەنیا چاودێری و سیخوڕیكردن لەسەر ئەندامانی داعش لە سووریا و عێراق بووە، بەڵام دواتر بەرپرسیارێتییەكی دیكەشی بۆ زیاد بووە كە بریتییە لە ئامادەكردن و ناردنی هێرشكەرەكان بۆ دەرەوەی سنووری "خەلافەت". لەو ماوەیەدا كە هەری سارفۆ لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی داعش بووە، بۆی دەركەوتووە داعش دەیەوێت تۆڕی جیهانیی تیرۆری خۆی بەهێزتر بكات، بۆ نموونە بیریان لەوە دەكردەوە تۆڕێكی تیرۆر لە بەنگلادیش دابمەزرێنن و لە لایەن كۆنە ئەندامەكانی قاعیدەوە بەڕێوەبچێت.
رۆژانی مەشق
لە كۆتاییەكانی 2014ەوە داعش داوای لە لایەنگرە رۆژئاواییەكانی دەكرد بە بیانووی گەشت و پشووی هاوینە بێنە توركیا و لەوێشەوە لە رێگەی قاچاخچییەكانەوە خۆیان بگەیەننە سووریا. بۆیە دەبووایە بلیتی دوو سەرە بكڕن و تەنانەت پارەی سەیرانگەیەكیش لە توركیا بدەن. هەر ئەمەش وایكردبوو كەمپی مەشق و راهێنانەكان زۆر بە خێرایی و چڕوپڕی بەڕێوەبچێت، لە زۆربەی حاڵەتەكانیشدا كەسەكان تەنیا مەشقە سەرەتاییەكانیان وەردەگرت، وەكوو بەكارهێنانی چەك. هەموو ئەمەش بۆ ئەوە بووە دەزگا ئەمنییەكانی وڵاتانی رۆژئاوایی گومانیان بۆ دروست نەبێت.
سارفۆ هەردوو زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی دەزانێت، بۆیە داعش بە كەسێكی شیاویان زانیوە بۆ ئەوەی ببێتە هێرشكەر، بەڵام ئەو رەتیكردبووەوە، دواجاریش ناوی لە هێزە تایبەتەكان (قوات خاصە)ی داعش دەرچووبوو. ئەم هێزە تەنیا كەسانی سەڵت وەردەگرێت، كەسەكەش لە ماوەی مەشقەكاندا نابێت خێزان پێكەوە بنێت. ئەم هێزە لە لایەكەوە چەكداری تایبەت بۆ دزەكردنە نێو شارەكان رادەهێنێ و لەلایەكی دیكەشەوە هێرشكەر بۆ هێرشی تیرۆریستی ئامادە دەكات.
پاش وەرگیران لەو بەشە، سارفۆ و هاوڕێ ئەڵمانییەكەی بۆ بیابانێك لە دەرەوەی رەققە گوێزرانەوە. بە گوتەی سارفۆ لەوێ كۆمەڵێك شوێنی وەكوو ئەشكەوتی لێبووە "هەموو زەوییەكە بە خۆڵ و لم داپۆشرابوو بۆ ئەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان نەیانبینن". پڕۆسەكە سەخت بووە، لەبەر ئەوەی "حەمامكردن قەدەغە بوو، خواردنیش ئەگەر خۆیان پێیان نەدابای قەدەغە بوو، تەنانەت خواردنەوەی ئاویش سنووردار بوو، تەنیا دوو كوپ لە رۆژێكدا".
بەپێی دانپێدانانەكانی سارفۆ، لە هەفتەی دووەمی مەشقەكاندا هەر كەسێك كلاشینكۆفێكی پێدەدرێت و داوایان لێدەكرێت لەكاتی خەودا لە نێوان قاچەكانیان دایبنێن، بۆ ئەوەی دواجار "وەكوو بەشێك لە جەستەی" لێبێت. هەر كەسێك بەرگەی مەشقەكان نەگرێت سزای توندی وەكوو بەستنەوە بە ستوون و جێهێشتنی لە بیابان بەسەردا دەسەپێنرێ.
پاش ماوەیەك سارفۆ تێدەگات مەشقەكان لە 10 قۆناغ پێكدێن، دوای تەواوكردنی قۆناغی دووەمیش هەموو چەكدارەكان بۆ دوورگەیەك لەسەر رووبارێك لە تەبقا گوێزرابوونەوە. لەوێ مەشقی مەلە و خۆهەڵدانە نێو ئاو و لێخوڕینی بەلەمیان پێكرابوو. لە هەمان دوورگە هێزێكی دیكەش بە ناوی (جەیش ئەلخەلیفە) هەبوون.
كۆتایی 2015 ئەمریكییەك بەناوی محەممەد جەمال خوەیس بەنیاز بووە لە عێراقەوە بچێتە سووریا و روو لەو "جەیش"ە بكات، بەڵام لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە دەستگیركراوە. لە دانپێدانانەكانی ئەو بۆ دەزگای پۆلیسی ئەمریكا دەردەكەوێت كاری سەرەكی ئەم جەیشەش ئامادەكردنی هێرشكەر بووە و داواشیان لێكراوە لە كاتی گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان "دوورەپەرێز" بن.
پیاوە پێنج ملیۆن دۆلارییەكە
لەگەڵ بەردەوامی مەشقەكان سارفۆ توانیبووی خۆی لە ئەمیری بەڕەچەڵەك مەغریبی كەمپەكە نزیك بكاتەوە و هەر ئەویش باسی ستروكتوری هێرشە دەرەكییەكانی (وەكوو هێرشەكانی پاریس و بروكسڵ)ی بۆ روونكردبووەوە. سارفۆ ئەو كات تێگەیشتبوو كە یەك كەس لە پشت هەموو ستراتیژ و ئاماجەكانی گرووپەكەیە "ئەو كەسە زەبەلاحە ئەبوو محەممەد ئەلعەدنانییە".
عەدنانی لە شاری (بنش) لە باكووری سووریا لەدایك بووە. دەگوترێت تەمەنی 39 ساڵە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێنج ملیۆن دۆلار خەڵاتی لەسەر سەری داناوە. شتێكی ئەوتۆ لەبارەی ژیانییەوە نازانرێت. چەند وێنەیەكی كەمی عەدنانی لەبەردەستن، كە هی چەند ساڵێك لەمەوبەرن.
دوای تەواوكردنی هەر 10 قۆناغەكە، سارفۆ و چەكدارانی دیكەی هێزی تایبەتی داعش بە چاوی داپۆشراوەوە بۆ لای عەدنان دەبردرێن، بۆ ئەوەی بەیعەتی پێبدەن. بە گوتەی سارفۆ ئەوان هەر بە چاوی داپۆشراوەوە بەیعەتیان بە عەدنانی داوە.
سارفۆ لە چەند ڤیدیۆیەكی پڕوپاگەندەی داعشیشدا بەشدار بووە، ئامانجی گرتە ڤیدیۆییەكانیش دروستكردنی كاریگەری لەسەر ئەڵمانی زمانەكانی جیهان بووە. یەكێك لە گرتە ڤیدیۆییەكان لە تەدموور بووە كە تێیدا ئاڵایەكی داعشی دراوەتە دەست و داوای لێكراوە چەند جارێك لەبەردەم كامێرادا پیاسە بكات. چەندەها جاریش دیمەنەكەی پێ دووبارە كراوەتەوە.
سارفۆ هەروەها دەگێڕێتەوە كە هەندێكجار بارمتەكان دەهێنران و لەبەردەم كامێرادا دەخرانە سەر ئەژنۆ و چەكدارە ئەڵمانییەكانی دیكە بە گوللە دەیانكوشتن، ئەوەی گرنگ بووە تەنیا كوشتنەكە نەبووە، بەڵكو بایەخێكی زۆر بە كاریگەربوونی وێنەكان دراوە، هەر بۆیە جارێك یەكێك لە بكوژەكان دوای كوشتنی بارمتەكان رووی لە سارفۆ كردووە و گوتوویەتی "چۆن دەرچووم؟ لە كاتی كوشتنەكەدا جوان دەرچووم؟".
بەگوێرەی دانپێدانانەكانی سارفۆ، داعش پرۆسەیەكی پێداچوونەوە و پشكنینی ڤیدیۆكانیشی هەیە، ئەمەش لە كۆبوونەوەیەكی مانگانەی "شوورا"دا دەكرێت كە عەدنانی خۆی سەرۆكایەتی دەكات.
سەرەتای گومانی ئەو هاووڵاتییە ئەڵمانییە لە داعش بۆ كەمپەكانی مەشقی هێزی تایبەتی داعش دەگەڕایەوە، كاتێك دەیبینی چەند دڕندانە مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەكرێت كە توانای بەردەوامبوونیان نییە، بەڵام هۆكاری سەرەكی ساردبوونەوەی سارفۆ ڤیدیۆ پڕوپاگەندەییەكان بووە، واتە هەمان ئەو ڤیدیۆیانەی هۆكاری چوونی ئەو بۆ ناو داعش بوون. وەكوو لە دانپێدانانەكانی دەردەكەوێت، ئەو یەكەمجار نەیزانیوە گرتە ڤیدیۆییەكان و هەڵسوكەوتی بكوژەكان نمایشن.
هەر بۆیە بڕیاری راكردن دەدات و دوای چەند هەفتەیەك خۆی دەگەیەنێتە توركیا و پاشان لە 20ی تەمموزی 2015 دەگاتەوە ئەڵمانیا و لەوێ لە فڕۆكەخانەی برێمن دەستگیر دەكرێت.
بریكارەكانی تیرۆر
یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی داعش بریتییە لە رۆڵێكی نوێ كە بە ئەندامە بیانییەكانی داوە لەوەی خۆیان پلانی هێرشەكان دابڕێژن، بە تایبەتیش ئەو بیانیانەی هاووڵاتیی ئەوروپین و لە ئەوروپا هێرش ئەنجام دەدەن. وەكوو لە دانپێدانانەكانی سارفۆ و بەڵگەنامەكانی دیكەدا دەردەكەوێت كەسێكی وەكوو ئەباعود تەنیا هێرشكەر و جێبەجێكاری پلانی داعش نییە، بەڵكو رۆڵی بەڕێوەبردن و تەنانەت پلانداڕشتن بۆ هێرشەكانیشی هەبووە.
بە گوتەی بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریكا دوو كەس لە ناو داعشدا ئەركی دەستنیشانكردنی هێرشكەرەكان و دواتر ناردنیان بۆ رۆژئاوا هەیە، هەر ئەم دوو كەسەش ئامانجەكان دیاری دەكەن و كاروباری لۆجیستیكی هێرشەكان رێكدەخەن، لەوانەش دۆزینەوەی قاچاخچی بۆ گواستنەوەی هێرشكەرەكان و پارە بۆ ئەوروپا. ئەم دوو كەسە یەكێكیان ئەبوو سولەیمان، هاووڵاتی فەرەنسی و ئەبوو ئەحمەد، هاووڵاتی سوورین كە هەردووكیان باوەڕپێكراوی عەدنانین.
لەكاتی هێرشەكەی 13ی نۆڤەمبەری پاریس لە هۆڵی كۆنسێرتی باتاكلان، داوا لە خەڵكی نێو هۆڵەكە دەكرێت لای پەنجەرەكە دانیشن و ببنە قەڵغان، بۆ ئەوەی پۆلیس هێرش نەكات. یەك لە بارمتەكان دوای رزگاربوون بە پۆلیسی راگەیاندووە كە یەكێك لە هێرشكەرەكان بە فەرەنسی پرسیاری لە هێرشكەرەكەی دیكە كردووە ئاخۆ پێویست دەكات تەلەفۆن بۆ "ئەبوو سولەیمان" بكەن.
ئەبو سولەیمان ئەلفەرەنسی پێدەچێت هاووڵاتییەكی فەرەنسی بەڕەچەڵەك مەغریبی یان تونسی بێت. زۆربەی بۆچوونەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە دوای كوژرانی ئەباعود، ئەو كراوە بە پلانداڕێژەری هێرشەكانی ئەوروپا.
زانیارییەكان سەبارەت بە ئەبو ئەحمەد لە دوای لێكۆڵینەوەی لە عادل حەدادی، بەڕەچەڵەك جەزائیری، ئاشكرا بوون. حەدادی یەكێكە لەو كەسانەی گوماندەكرێت دەستی هەبووبێت لە هێرشەكانی 13ی نۆڤەمبەری پاریس. ئەو لەگەڵ سێ كەسی دیكە لە سووریاوە و بە رێگەی یۆناندا خۆی گەیاندووەتە ئەوروپا، لە یۆنان دەبن بە دوو گرووپی دوو كەسی، بەڵام ئەو و كەسێكی دیكەی پاكستانی بە ناوی محەممەد عوسمان لە كەمپێكی كۆچبەران لە سالزبورگ لە نەمسا دەستگیر دەكرێن. دوو كەسەكەی دیكە لە 13ی نۆڤەمبەری پارساڵ لەبەردەم یاریگای ستاد دو فرانس خۆیان تەقاندەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی لێكۆڵینەوەكان، حەدادی لە شوباتی 2015 چووەتە سووریا، سەرەتاش لە یەكێك لە كەمپەكانی چەكدارە بیانییەكان وەكوو چێشتلێنەر كاری كردووە، بەڵام چەند مانگ دواتر ئەبو ئەحمەد داوای كردووە. حەدادی لە رێگەی رۆیشتن بەرەو شوێنی ئەبو ئەحمەد زانیبووی داعش چ بەرنامەیەكی بۆی هەیە.
بە گوتەی هاووڵاتییە جەزائیرییەكە، ئەبوو ئەحمەد كەسێكی لاوازە و تەمەنی دەشێت لە نێوان 38 بۆ 42 ساڵ بێت. ئەبوو ئەحمەد "كەسێكی خاوەن بڕیارە" لە داعش. ئەبو ئەحمەد بە جلێكی سەرتاپا رەشەوە لێیان وە ژوور كەوتبوو و سێ كەسی دیكەی پێناساندبوو كە جگە لە عوسمان دووانەكەی دیكەیان عەرەب زمان بوون. پلانەكە ئەوە بووە ئەم چوار كەسە رەوانەی ئەوروپا بكەن.
رۆژی دەرچوونیان لە سووریا، ئەبوو ئەحمەد ژمارەی تەلەفۆنی توركیای خۆی و 2000 دۆلاری داوە بە حەدادی. ژمارە تەلەفۆنەكە بە (FF) تۆماركرابوو. لە توركیا كەسێك وێنەی گرتوون و پاش ماوەیەك بە پاسپۆرتێكی سوورییەوە گەڕاوەتەوە لایان. قاچاخچییەكی دیكەش رەوانەی لێرۆس لە یۆنانی كردوون.
هەموو ئەم پرۆسەیە بە چاودێری ئەبو ئەحمەد رێكخراوە و حەدادی هەتا رۆژی دەستگیركردنی لە رێگەی تۆری تەلەگرامەوە لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ ئەبوو ئەحمەد. تەلەگرامەكەش بە ژمارە تەلەفۆنەكەی (FF) دروستكرابوو.
مانگێك پێشتر هەمان ژمارە تەلەفۆن لەسەر پارچە كاغەزێك لە گیرفانی پانتۆڵی یەكێك لە هێرشكەرەكانی یاریگای ستاد دو فرانس لە پاریس دۆزرابووەوە.
سەرچاوە: New York Times
rudaw
