دوو هەزار بارمتەكەی منبج رزگاركران

دوو هەزار بارمتەكەی منبج رزگاركران
ئەو دوو هەزار هاووڵاتییە سڤیلەی لە شاری منبج لەلایەن داعش دەستگیركرابوون و وەك قەڵعانی مرۆیی بەكاردەهێنران، دوای كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی شارەکە رزگاركران.

ئێوارەی رۆژی هەینی 12-8-2016، دوای 73 رۆژ گەمارۆدان، شاری منبجی سووریا بەتەواوی لەلایەن سوپای سووریای دیموكرات لە داعش پاككرایەوە و ئەنجوومەنی سەربازی منبج بەفەرمی کۆنترۆڵکردنەوەی لەدەست داعش راگەیاند.

سەرچاوەیەکی رووداو لە منبج رایگەیاند، دۆخی شارەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و دەنگی تەقە نابیسترێت. جەختیشیكردەوە ئەو خەڵكەی ژمارەیان لە 2 هەزار كەس زۆرتر دەبوو و لەلایەن داعش دەستگیركرابوون، ئازادكراون.

لەنێو دەستگیركراوەكان ژن و منداڵ و پیر هەبوون و چەكدارانی داعش وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاریان دەهێنان، بۆ هەر شوێنێك پاشەكشەیان كردبا، ئەو خەڵكەیان لەگەڵ خۆیان دەبرد.

سوپای سووریای دیموکرات كە شەڕڤانانی یەپەگە رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینن و لەلایەن ئەمریكاوە پشتگیرییان لێدەكرێت، 73 رۆژ بوو شاری منبجیان گەمارۆدابوو، لەو ماوەیەدا بەردەوام شەڕ و پێكدادان هەبوو.




rudaw
Top