چاوشئۆغڵو: لەگەڵ ئێران لەسەر چەند پرسێکی سووریا هاوڕابووین
رۆژی هەینی12-8-2016، جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوەری سەردانی تورکیایان کردوو و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنکەرە کۆبوونەوە بۆ تاووتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوەری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بیانی وەزارەتی دەرەوە کۆدەبنەوە و دواتر هەردوو وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیان ئەنجامدا.
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتی" ئێمە سوپاسی حکومەتی ئێران دەکەین کە لە شەوی 15ی تەمموز لەکاتی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی تورکیا پشتیوانی خۆیان بۆ حکومەتی تورکیا پیشاندا ئەوەش نیشانەی ئەمەک و وەفای ئێران بوو بۆ تورکیا".
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی" حکومەتی تورکیا هاوئاهەنگییەکانی لەگەڵ ئێران تووندتردەکات بۆ پرسی سووریا و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆشماندا دۆخی ناوچەکەمان تاووتوێکردووە، سەبارەت بە قەیرانەکانی سووریاش گفتوگۆمانکردووە و لەگەڵ ئێران لەسەر چەند پرسێکی سووریا هاوڕابووین".
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەولوود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا قسەی لەبارەیەوە کراوە و بڕیاردراوە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانمان زیاتر بکەین، هەروەها هەناردە و هاوردەکارانی هەردوولامان بەیەکەوە کارەکانیان ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی قەبارەی ئابووریی و بازرگانیی نێوانمان زیاتر بکەین.
لەبەرامبەردا، محەممەد جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئیران گوتی" سەرەتا دەمەوێ پیرۆزبایی لەگەلی تورکیا بکەم بەبۆنەی ئەو سەرکەوتنەی کە بەرامبەر کودەتاچییەکان بەدەستیانهێنا و توانیان سەربکەون، هەروەها سەردانەکەی ئێمە بۆ تورکیا بۆ دەربڕینی پشتیوانی حکومەتی ئێرانە بۆ حکومەتی تورکیا، ئێران دژی کودەتابوو لە تورکیا".
وەزیری دەرەوەی ئیران ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران یەکەم وڵات بوو کە پشتیوانی خۆی بۆ حکومەتی هەڵبژێردراوی تورکیا دووپاتکردووەتەوە، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا لە رووی ئابووری و بازرگانی و سیاسی پەرەپێدەدەین، دەمانەوێت رێککەوتن لەگەڵ تورکیا بکەین لەرووی کارەبا و وزە.
محەممەد جەواد زەریف گوتیشی باسی مەترسییەکانی تیرۆری کرد بۆ سەر هەردوو وڵات و گوتی: "ئێران لەگەڵ تورکیا پەرە بە کەرتی گەشتیاری نێوانمان دەدەین و لەهەمانکاتیشدا دەتوانین لەگەڵ تورکیا هەڕەشە و مەترسییەکانی گرووپە تووندئاژۆکان کەمبکەینەوە و بەیەکەوە بەرەنگاری تیرۆر ببینەوە، چونکە تیرۆر هەڕەشەیە بۆسەر ئیران و تورکیا و وڵاتانی دیکە و بەیەکەوە کاری بۆدەکەین".
لەبارەی قەیرانەکانی سووریا، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی" لەکۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆمان کردووە لەبارەی قەیرانەکانی سووریا، ئێمە وەک ئێران پێمانوایە کە دەبێت خەڵکی سووریا خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی بتوانن قەیرانەکانی سووریا چارەسەر بکەن، بەڵام لەگەڵ تورکیا دەتوانین بەیەکەوە کاربکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ، هەروەها ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و تورکیا کاریگەری باشی دەبێت لەسەر ناوچەکە بەگشتی".
بڕیارە کاژێر15:00 -ی رۆژی هەینی جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی کۆشکی کۆماری بکات و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە.
رووداو
