ئەردۆغان: هەوڵەکانمان لەگەڵ رووسیا کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر دەکەن

 ئەردۆغان: هەوڵەکانمان لەگەڵ رووسیا کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر دەکەن
سەرۆک کۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، کە هەوڵەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا، کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر دەکەن.

لە میانەی سەردانێکیدا بۆ رووسیا، رۆژی سێشەممە 9ـی ئابی 2016، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری رووسیای فیدڕال، رایگەیاندووە، کە خۆشحاڵە بەوەی تورکیا و رووسیا دەست بە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای راوێژکاری دەکەنەوە.

رەجەب تەییب ئەردۆغان پێش ئەوەی بچێتە کۆبوونەوە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، رایگەیاندووە، کە چەندین بابەتی پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات دەخرێنە بەر باس و ”ناوچەکەش لەڕووی سیاسییەوە چاوەڕوانیی زۆری لە ئێمەیە“.

سەرۆک کۆماری تورکیا پێیوابووە بە باشتربوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و رووسیا، ”ھەوڵەکانمان یاریدەدەر دەبن بۆ چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە“.

رەجەب تەییب ئەردۆغان هەروەها باسی رەوشی گەلی کوردی لە کوردستانی باکوور کردووە و رایگەیاندووە، زۆرینەی کوردەکان دەنگیان بە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیا داوە.

هەروەک ئاژانسی نیمچە فەرمیی (ئەنادۆڵ)ی تورکی بڵاوی کردووەتەوە، ئەردۆغان ناراستەوخۆ باسی پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە)ی کردووە و رایگەیاندووە، ئەو بزووتنەوە سیاسییەی بانگەشەی ئەوە دەکات، کە نوێنەرایەتی کورد دەکات، ”ھەمیشە ستەمی لە کورد کردووە“.

سەرۆک کۆماری تورکیا پێشیوایە هەدەپە گەلی کوردی لە کوردستانی باکوور ”خستە سەر شەقام بووە هۆی کوژرانی 53 هاووڵاتیی کورد“ و ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بکوژی ئەو کوردانەش، کورد بوون.

رۆژی 24ـی تشرینی دووەمی 2015، سوپای تورکیا رایگەیاند، کە فڕۆکەیەکی رووسی جۆری سوخۆی لەسەر سنووری نێوان تورکیا و سوریا خستووەتە خوارەوە، بەهۆی ئەوەی سنووری ئاسمانیی تورکیای بەزاندووە و گوێی بە ئاگادارکردنەوەکان نەداوە.

خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆکە رووسیە بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی رووسیا و تورکیا، بەڵام دواتر بەهۆی داوای لێبوردنی ئەردۆغان لە رووسیا، پەیوەندییەکانیان ئاسایی بووەوە.

پێشتر و لە مانگی ئەیلولی 2015، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، کە هێزێکی زەمینی و فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی بەشداریی لە بۆردومان کردنی بنکە و بارەگاکانی داعش لە سووریا دەکەن.

هەردوو رژێمی سووریا و حکوومەتی رووسیا، حکوومەتی تورکیا بە پشتگیریکردنی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا تۆمەتبار دەکەن و رایدەگەیەنن، کە تورکیا هۆکارێکی شەڕی ئەو گرووپانەیە لە دژی رژێمی سووریا.

لە مانگی ئاداری 2001ـەوە، شەڕی ناوخۆیی لەنێوان رژێمی سووریا و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 300 هەزار هاووڵاتی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی دیکە.






باسنيوز
Top