کودەتاکەی تورکیا تاوانێکی گەورەی دژی گەنجێکی کورد ئاشکرا کرد
ئیدریس ناکجی، فەرمانی 20 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، کاتێک لەلایەن دادگا تۆمەتبار کرا بەوەی ئەندامی پەکەکەیە و " هەوڵیداوە لە ساڵی 2007 ئەردۆغان تیرۆر بکات لەکاتیکدا ئەو سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو".
بەپێی میدیاکانی تورکیا ئیدریس تۆمەتبار کرابوو بەوەی " بۆمبی بە ئۆتۆمبێلێکەوە لکاندووە بۆ ئەوەی ئەردۆغان-ی پێ بکاتە ئامانج" بەڵام، دوای ئەوەی لە رۆژی 15-7-2016 کودەتا لە تورکیا کرا و، دووبارە لێکۆڵینەوە لەو کەیسە کرا، دەرکەوت کە چەند ئەفسەرێکی پۆلیسی سەر بە جەماعەتی گیولەن خۆیان ئەم کارەیان کردووە.
لە 11ـی سێپتەمبەری 2007 پۆلیسی تورکیا رایگەیاندبوو دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراودا گرتووە، کە بۆ کردنە ئامانجی ئەردۆغان ئامادەکرابوو، کەچی دوای کودەتاکە دووبارە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەوە کرا و، دەرکەوت چەند ئەفسەرێکی سەر بە جەماعەتی گولەن بۆمبەکانیان چاندووە.
فارووق دوران، پارێزەری گەنجە کوردەکە دوای راگەیەندراوەکەی پۆلیس، داوای پێشکەشی دادگا کرد بۆ ئازادکردنی ئیدریس کە بەهۆی تۆمەتبارکردنی بەو کارە زیندانی کراوە، دادگاش بڕیاری ئازادکردنی دا.
rudaw
