ئەمەریکا ٨٠٠٠ پەنابەری سووریی وەرگرتووە
بەپێی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئان ڕیچارد یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری پەنابەر و کۆچبەران ڕایگەیاندووە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو و لە ماوەی ١٠ مانگدا ڕەزامەندییان نیشان داوە بۆ مانەوەی ٨٠٠٠ پەنابەر و پەناخوازی سووری لە وڵاتەکەیان، بەوەش ئەمریکا بەڵێنی خۆی بۆ نیشتەجێکردنی ئەو پەنابەران بردووەتەسەر.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی لە دەرەوەی وڵاتەکەش ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکی بارودۆخی پەنابەرانی سووری هەڵدەسێنگێنن.
بە گوێرەی پێشبینیی ڕیچارد، تا کۆتایی ئەمساڵی دارایی لە ئەمریکا لە ٣٠ ئەیلوولی داهاتوو، ژمارەی پەنابەرانی سووری لە ئەمریکا دەگاتە زیاتر لە ١٠ هەزار کەس.
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا وتبووی وڵاتەکەی ١٠ هەزار پەناخوازی سووری وەردەگرێت.
ئەو بڕیارەی ئۆباما لە لایەن کۆمارییەکانی کۆنگرێسەوە ڕەخنەی لێ گیرا، بەوەی کە لەوانەیە بە وەرگرتنی پەنابەرانی سووری، ئەمنییەتی ئەمریکا بکەوێتە مەترسییەوە.
KDP
