گەورەترین زانای ئەتۆمی ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی لەسێدارە درا
مەرزیە ئەمیری دایکی شەهرامی ئەمیری زانای ئەتۆمی ئیران بە بەشی فارسی بی بی سی ڕاگەیاند "ڕۆژێک پێش لە سێدارەدانی، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕێگەیاندا چاومان بە شەهرامی ئەمیری بکەوێ ، لە زینداندا ئەمیری پێی ڕاگەیاندیم وابڕیارە بەم زووانە لەسێدارە بدرێم".
بە وتەی دایکی زانا ئەتۆمیەکە، کوڕەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە شوێنێکی نەزانراو لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کراوه.
تا ئیستا هیچ بەرپرسێکی دادوەری ئێران هەواڵەکەی پشتڕاستنەکردۆتەوە و ئاژانسە هەواڵیەکانی ئەو وڵاتەش هیچ هەواڵێکیان لەو بارەوە بڵاو نەکردۆتەوە.
شەهرامی ئەمیری، زانای ناوداری ئەتۆمی ئیران ساڵی ٢٠٠٩ لە کاتی ئەنجامدانی سەفەری حەج لە وڵاتی سعودیا دیار نەما؛ دەسەڵاتدارانی ئیران دەزگای سیخوڕی سعودیە و سی ئای ئەی ئەمریکای بە فڕاندانی ئەمیری تۆمەتبار کرد و عەلی ئەکبەری ساڵحی سەرۆکی ئەو کاتەی دەزگای ئەتۆمی ئیران ڕایگەیاندبوو ئەمریکا بە هاوکاری سعودیە زانا ئێرانیەکان فڕاندووە و بۆ ئەمریکا گواستویانەتەوە.
دوای یەک ساڵ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار چارەنوسی شەهرامی ئەمیریان ئاشکرا کرد و ڕایانگەیاند، ئەمیری بە خواستی خۆی داوای مافی پەنابەری لە ئەمریکا کردووە و ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا نیشتەجێیە.
هیلاری كلینتۆن وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی ئەمریكا رایگەیاندبوو، ئەمیری بە ویستی خۆی چووەتە ئەمریكاو بە ویستی خۆشی دەتوانێت لەو وڵاتە بچێتە دەرەوە.
بەرپرسانی ئێران هەر لە سەرەتایی دیارنەمانی شەهرامی ئەمیریەوە گومانی ئەوەیان لا دروست بوو کە زانا ئەتۆمیەکە پەیوەندی بە ئەمریکاوە کردبێت و زانیاریەکانی ئەتۆمی ئیرانی بۆ دەزگای هەواڵگری ئەمریکی ئاشکرا کردبێت هەر بۆیە وەزارەتی ئیتڵاعات هەموو ئەندامانی خێزانی ئەمیری دەستگیر کرد لەوانە کوڕێکی شەهرامی ئەمیری.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کرد شەهرامی ئەمیری لە بەرامبەر پێنج ملیۆن دۆلاری لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەمریکا هاوکاری کردووە ، ئاژانسی ڕۆیتەرزیش لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکیەوە ئەوەی بڵاو کردەوە شەهرامی ئەمیری هەر لە سەرەتاوە ئەندامی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بووە.
سایتی ئیران وایر فشاری دەسەڵاتدارانی ئێرانی بۆسەر خانەوادەی شەهرامی ئەمیری پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: هۆکاری گەڕانەوەی ئەمیری بۆ ئێران فشاری دەزگا ئەمنییەکان بووە بۆسەر خانەوادەکەی.
هەوڵەکانی بەرپرسانی ئێرانی بۆ گەڕانەوەی شەهرامی ئەمیری دەستیپێکرد و بە بەڵێنی ئازادی خۆی و خانەوادەکەی، شەهرامی ئەمیری ڕازی بوو خۆی ڕادەستی ئێران بکاتەوە و ساڵی 2010 لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی ئێرانەوە گەڕایەوە تاران، ئەوکات لە لایەن بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە فڕۆکەخانە پێشوازی لێکرا و وەکو "قارەمانێکی نیشتیمانی" پێشوازیان لە ئەمیری کرد، بەڵام دوای چوونە دەرەوەی لە فڕۆکەخانە دەستگیرکرا و دواتر بە تۆمەتی "خیانەت لە نیشتیمان" سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
لهسێدارهدانی ئهمیری دوای ئهوهدێت كه دهسهڵاتدارانی ئهو وڵاته ههفتهی رابردوو، 20 كهسیان لهسێدارهدا، كه دهسهڵاتدارانی ئهو وڵاته "تۆمهتی ئهندامێتی له گروپی تهوحیدو جیهاد" یان خسته پاڵیان.
خەندان
