فڕۆکە جەنگییە دانیمارکییەکان بۆ یەکەمجار لە سووریا، بارەگاکانی رێکخراوی توندڕەوی داعشیان بۆردومان کرد.
پێشتر لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، فڕۆکە جەنگییە دانیمارکییەکان بارەگاکانی داعشیان تەنیا لە کوردستانی باشوور و عێراق بۆردومان دەکرد.
هەروەک سوپای دانیمارک رایگەیاندووە، کە بۆردومانەکانیان بارەگاکانی سەرکردایەتیی و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنیی داعشیان لە شاری رەققە بۆردومان کردووە.
دوای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور لە مانگی ئابی 2014، وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاوا بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا، کە ئەرکیان مەشقکردنە بە هیزە زەمینییەکانی دژی داعش و بۆردومان کردنی بنکە و بارەگاکانی ئەو رێکخراوەیە لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانیانەوە.
لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش، راوێژکارانی سەربازیی دانیمارک لە فێرگەکانی پێشمەرگە لە شاری هەولێر، مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن.
باسنيوز
