هه‌وڵى كوشتنى موفتى پێشووى میسڕ ده‌درێت

 هه‌وڵى كوشتنى موفتى پێشووى میسڕ ده‌درێت
وه‌زاره‌تى ناوخۆى میسڕ، ئه‌مڕۆ هه‌ینى ڕای گه‌یاند، عه‌لى جومعه‌، موفتى پێشوى وڵاته‌كه‌یان له‌كاتى چوونى بۆ نوێژى هه‌ینى، له‌ هه‌وڵێكى كوشتن ڕزگارى بووه‌.

به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنى ئاسایشی وه‌زاره‌تى ناوخۆى میسڕ، ڕاى گه‌یاند :" ژماره‌یه‌ك كه‌سى نه‌ناسراو كه‌ خۆیان له‌ ناو یه‌كێك له‌ باخچه‌كاندا له‌ نزیك ماڵى موفتییه‌كه‌دا له‌ ناوچه‌ى شه‌شى ئه‌كتۆبه‌ر له‌ پارێزگاى جیزه‌، حه‌شار دابوو، ته‌قه‌یان له‌ عه‌لى جومعه كرد".

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه‌ گولـله‌كان به‌ر موفتییه‌كه‌ نه‌كه‌وتن و له‌و هه‌وڵه‌ ڕزگارى بوو.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ ئه‌و هێزه‌ى له‌گه‌ڵ موفتییه‌كه‌دایه‌ و ئه‌ركى پاراستنى ژیانیان پێ سپێردراوه‌، ده‌ستیان كرده‌ ته‌قه‌كردن له‌ ته‌قه‌كه‌ره‌كان، بۆیه‌ هێرشبه‌ره‌كان هه‌ڵاتن، له‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌شدا ته‌نها یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كان به‌ سووكی بریندار بووه‌.







باسنیوز
Top