پیلانی هێرشی چەكداری بۆ سەر کۆنگرێسی ئەمریکا ئاشكرابوو

پیلانی هێرشی چەكداری بۆ سەر کۆنگرێسی ئەمریکا ئاشكرابوو
وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاشکرایکرد، رۆژی دووشەممە 2-8-2016، گەنجێکی ئەمریکی خەڵکی ئۆهایۆ دانی بەوەدا ناوە، ویستوویەتی هێرش بکاتە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا، لەکاتێکدا باراک ئۆباما خەریکی پێشکەشکردنی گوتار بووە.

کریستۆفەر لی کۆرنیل تەمەن 22 ساڵ لە ناوچەی سنسیناتی، دوو کلاشینکۆف و 600 گوللـەی کۆکردووەتەوە، خۆیشی فێری دروستکردنی بۆمب کردووە، بۆ ئەوەی لە کانوونی دووەمی ساڵی 2015، هێرش بکاتە سەر باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە واشنتن، دەسەڵاتدارانی ناوچەکەش دەڵێن" ناوبراو کاریگەری داعشی لەسەر بووە".

حکومەتی ئەمریکا بەیاننامەیەكی بڵاوكردووەتەوە و رایگەیاندووە، دوای دەستگیرکردنی بە ماوەیەکی کەم، کریستۆفەر چەند تێکستێکی لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکردوونەتەوە لە یەکێک لە تێکستەکانیشدا داوایکردووە جیهاد لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکەن. بەڵام باس لەوە نەكراوە لەكوێ و چۆن ئینتەرنێتی بە دەستبەسەركراوی دەستكەوتووە.

چەند تۆمەتێک ئاراستەی کریستۆفەر کراون، لەوانەش هەوڵی ناردنی هاوکاریی دارایی بۆ رێکخراوی داعش، پێشبینیش دەکرێت بۆ ماوەی 40 ساڵ زیندانی بکرێت.





rudaw
Top