کێشە و ناکۆکیی نێوان دوو هێزی سەربازیی ئێران قووڵتر دەبنەوە
ڕەمەزان شەریف، لە لێدوانێکدا بەبێ ناوهێنانی حەسەن عەباسی داوای لێ کردووە لەبارەی ئەو هەڵوێستە ڕوونکردنەوە بدات، چونکە سوپای پاسداران ئەو گوتانە پەسەند ناکات.
حەسەن عەباسی، بەڕێوەبەری "ناوەندی توێژینەوەی ئاسایشی بێسنووری ئێران" چەند ساڵ لەمەوبەر سەرەڕای بەرگری لە هەڵویستەکانی سوپای پاسداران ڕایگەیاندبوو "سوپا (ئەرتەش)ی ئێران هێزیکی لەبار و گونجاوە بۆ ئەمەریکا، چونکە بەڕای ئەو بێدەنگ و بێ هەڵوێستە."
لە بەرانبەردا ئەحمەدڕەزا پووردەستان، فەرماندەی هێزی زەمینیی ئەرتەشی ئێرانیش چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە بەرانبەر ئەو قسانەدا دژکردەوەی نیشان دا و گوتی "دەبێ حەسەن عەباسی لە بەرانبەر ئەم گوتە "نابەجێیانە"ی خۆی داوای لێبوردن بکات."
ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەرتەشی ئێران لەبارەی ئەو هەڵوێستە لە دادگا سکاڵا لەدژی حەسەن عەباسی تۆمار دەکات و دەبێ لەوێ وەلامدەر بێت.
حەسەن عەباسی هەموو کات لە گوتار و ئاخاوتنەکانیدا وێڕای پشتگیری لە سیاسەتی باڵی بناژۆخوازانی حکوومەتی ئێران، بە توندی ڕەخنە لە ڕیفۆرمخوازان دەگرێت.
بەڕای کارناسان و چاودێرانی سیاسیی ئێران، ماوەی زیاتر لە یەک دەیەیە و پاش بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی، سەربازی و ئابووریی ئێران لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، بە ڕاستەوخۆ سوپا (ئەرتەش) پەراوێز خراوە و ئەمەش بووەتە هۆی کێشە و ناکۆکی لە نێوان ئەو دوو هێزە سەربازییەی ئێراندا و لەناو باڵەکانی دەسەڵاتیش ڕەنگدانەوەی دیارە.
باسنیوز
