پۆلیسی لەندەن: مەترسی ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لەبەریتانیا تەنیا مەسەلەی كاتە

پۆلیسی لەندەن: مەترسی ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لەبەریتانیا تەنیا مەسەلەی كاتە
بەرپرسی پۆلیسی شاری لەندەن ئاشكرایكرد، هێرشی تیرۆریستی هاوشێوەی فەڕەنسا‌و ئەڵمانیا بۆ سەر وڵاتەكەی لەئاستێكی مەترسیداردایە، ئەنجامدانیشی تەنیا مەسەلەی كاتە نەك ئەگەر هەیە ڕووبدات.

ئەو هۆشدارییەی بێرنارد هۆگن هۆوی بەرپرسی پۆلیسی لەندەن، دوای زنجیرەیەك لە تەقینەوە و هێرش هات لەئەڵمانیا‌و فەڕەنسا لەم مانگەجا، كە بەهۆیەوە دەیان هاوڵاتی كوژران‌و سەدانی تر برینداربوون‌و زۆرینەشیان، رێكخراوی داعش بەرپرسارێتیەكەی لەئەستۆ گرت.

بەپێی رۆیتەرز، هۆوی ئەمڕۆ یەكشەممە ئاشكرایكردووە كە خەڵكی بەریتانیا هەست دەكەن دوای فەڕەنسا و ئەڵمانیا، هێرشی داهاتوو دەكرێتە سەر ئەوان.

بەرپرسی پۆلیسی لەندەن، نوسینێكی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت‌و رۆژنامەی سەندەی بەریتانی بڵاوكردەوە‌و تێیدا دەڵێت "من هەستدەكەم‌و تێدەگەم لەو ترسە وەكو بەرپرسی پۆلیس كە ئەركمان نەهێشتنی ڕووداوی هێرشی لەوجۆرەیە، دەزانم ئێوە دەخوازن من دڵنیاتان بكەمەوە، بەداخەوە من ناتوانم بەگشتی دڵنیاتان بكەمەوە".

هەروەها نووسیویەتی "ماوەی دووساڵە ئاستی هەڕەشەی تیرۆریستی نێودەوڵەتی لەسەر بەریتانیا لەئاستی مەترسیداردایە، هەر بەوشێوەیەش دەمێنێتەوە، ئەوەش واتای وایە ئەنجامدانی هێرشێك ئەگەرێكی زۆر بەهێزە، دەتوانین بڵێین بۆتە حاڵەتێكی ئەوەی كەی روودەدات نەك ئەگەر هەیە ڕووبدات".

گەورەترین هێرش لەئەوروپا لەم مانگەدا كە داعش بەرپرسیارێتیەكەی لەئەستۆگرت، لەشاری نیس بوو لەفەرەنسا كاتێك كەسێك بەئۆتۆمبێلەكەیە‌و تەقەكردنەوە خۆی كرد بەناو ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتیاندا، بەهۆیەوە زیاتر لە 80 كەس كوژران‌و دەیانی تر برینداربوون.

بێن واڵاس، وەزیری ئاسایشی بەریتانیا كە بەم نزیكانە لەپۆستەكەیدا دەستبەكاربوو رایگەیاند، لەگەڵ خاوەن‌و بەڕێوەبەرانی مۆڵە بازرگانییە گەورەكانی وڵاتەكەیدا كۆبۆتەوە بۆ تاوتوێكردنی پلانە ئەمنییەكانی خۆیان.

ئەو بەرۆژنامەی سەندەی تایمزی ڕاگەیاندووە "لەژێر ڕۆشنایی ڕووداوەكانی ئەڵمانیا‌و فەڕەنسا حكومەت بەپەرۆشە لەوە دڵنیابێتەوە كە سەنتەرە بازرگانییەكان‌و یاریگا وەرزشییەكان كە لەوێ ژمارەیەكی زۆر لەخەڵك كۆدەبنەوە، ئەو پشتیوانییەی كە پێویستە هەبێت، فەراهەم بكرێت".




رۆیتەرز-
Top