لە ئێران چوار كەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەست دا
ئەمڕۆ یەكشەممە 31/7/2016، محەمەد حەیدەری، جێگری كۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای كرمان، بە ماڵپەڕەكانی ئێرانی ڕاگەیاندووە: "دوێنێ پیاوێكی 70 ساڵ لە ناوچەی سەربیژەنی ساردوئیەی سەر بە شاری جیروفت كەوتووەتە ڕووبار و خنكاوە".
جێگری كۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای كرمان، ئەوەش ڕوون دەكاتەوە كە دوو ژن و پیاوێكیش كە بە مەبەستی سەیران چووبوونە قەراغ ڕووباری سیرچ كە دەكەوێتە نێوان شارەكانی كرمان و شەهداد، بەهۆی لافاوەوە خنكاون.
ئەبولحەسەن میرجەلیلی، بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەكانی خۆراسانی باشوور، ئەوە دەخاتەڕوو: "لافاو زیانێكی زۆری مادیی بەو پارێزگایە گەیاندووە و ژمارەیەكی زۆریش مەڕ و ماڵات لەناو چوون".
محەمەدعەلی تەوحیدی، قایمقامی كرمان، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "ئەو دوو ژنەی كە بەهۆی لافاوەوە خنكاون، تەمەنیان 35 و 50 ساڵ بووە و پیاوەكەش تەمەنی 37 ساڵ بووە".
بە گوتەی بەرپرسانی حكوومی ئێران، لە هەفتەی ڕابردوودا لافاو پارێزگاكانی سیستان و بەلوچستان، فارس، كرمان، گوڵستان، سمنان، خۆراسانی ڕەزەوی و خۆراسانی باشووری گرتووەتەوە.
لە چەند مانگی ڕابردووشدا بەهۆی لافاوەوە لە پارێزگاكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات، شەش كەس گیانی لەدەستداوە و زیانێكی زۆری ماددی هەبووە.
باسنيوز
