لە ئەمریكا دەستڕێژی گوللە لە ئاهەنگێك كرا

 لە ئەمریكا دەستڕێژی گوللە لە ئاهەنگێك كرا
لە شاری سیاتڵ لە ویلایەتی واشنتنی رۆژئاوای ئەمریکا، دەستڕێژی گوللە كرایە سەر ئاهەنگێك و بەهۆیەوە 3 كەس كوژران و 4 كەسی دیكە برینداربوون.

پۆلیسی ناوچەکە بە ئاژانسەكانی هەواڵی راگەیاندووە، گومانلێکراوێکیان لە دووری چەند کیلۆمەترێک لە شوێنی ئاهەنگەکە دەستگیرکردووە و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

نزیکەی 15 تا 20 کەس لە ئاهەنگەكەدا بەشدارییان كردووە، لەلایەن پۆلیسیشەوە رووبەڕووی پرسیار و لێكۆڵینەوە بوونەتەوە بۆ دەركەوتنی راستی رووداوەكە.

جێنیفەر گریگێرسن، بەرپرسی پۆلیسی شارۆچکەی موکیلیتۆ لە شاری سیاتڵ هاوخەمی خۆی دەربڕی و رایگەیاند "ئەمشەو کۆمەڵگەکەمان دووچاری رووداوێکی دژوار بووەوە".

ئاهەنگی ماڵ لە ئەمریکا کە هاوس پارتیشی پێدەگوترێت، زۆر باوە و زۆرجاریش بەهۆی بەکارهێنانی خواردنەوە کهولییەکان گرژی و ئاڵۆزییان لێدەکەوێتەوە و دەگاتە رادەی قوربانیدان.

بەهۆی ئازادی كڕین و هەڵگرتنی چەك، تەقەكردن و دەستڕێژی گوللە لە ئەمریكا زۆر دەكرێت و ساڵانە دەیان هەزار كەس بەو هۆكارە دەكوژرێن، شەوی رابردووش لە ئەنجامی رووداوێکی تەقەکردن لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، پۆلیسێک کوژرا و پۆلیسێکی دیکەش برینداربوو.
Top