ئەردۆغان رەخنەی تووند لە بەرپرسانی ئەمریکا دەگرێت

 ئەردۆغان رەخنەی تووند لە بەرپرسانی ئەمریکا دەگرێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەبەرامبەر کاردانەوەکانی ئەو وڵاتە بۆ رووداوەکانی پاش کودەتا شکستخواردووەکەی تورکیا، بەتووندی رەخنەی لە ئەمریکا گرت. ئەردۆغان لە گوتەیەکدا لە ئەنقەرە رایگەیاند "بەرپرسانی ئەمریکا مافی ئەوەیان نییە دەربارەی رەوشی نێو تورکیا قسە بکەن".

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند "یەکێک لەوان، ژەنەڕاڵێک یان بەرپرسێکی دیکە کە بەداخەوە پۆستێکی گرنگی لە ئەمریکادا هەیە، دەڵێت: دەزانم و گوێم لێبووە ژمارەیەک لەو بەرپرسانەی ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیان هەبوو، دەستگیرکراون".

ئەردۆغان هەروەها گوتی "دەبێت خەڵک شەرم بکات، ئێوی کێن تاکو بڕیار لە سەر هەندێک شت بدەن؟ بەو بەرپرسە دەڵێم، بزانە پۆستەکەت چییە و کێیت؟ لەبری ئەوەی بەبۆنەی سەرکەوتنی تورکیاوە لە شکسهێنان بە کودەتاکە پشتگیری لە خەڵکی تورکیا بکەن، کەچی پشتگیری لە کودەتاچییەکان دەکەن. پاشان، داڕێژەری کودەتاکە لە وڵاتەکەی ئێوەیە، بۆیە ناتوانن لەڕێگەی گوتەکانتانەوە تێڕوانینی خەڵکی ئێمە بگۆڕن".
Top