حکوومەتی هەرێم بەشداری کۆبوونەوەكانی پاراستنی فرەچەشنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمريكا دەکات
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەك بەشێك لە شاندی عێراق بەشداریی کۆبوونەوەكانی کرد، شانبەشانی نوێنەرانی ئێزیدی، ئاشووری، توركمان و باڵیۆزخانەی عێراق.
لە وتارەکانی دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا، جێگری وەزیری دەرەوەی ويلایەتە یەكگرتووەکان ئەنتۆنی بلنکن وتی: "هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەشێکە لە کاری سەخت و بێوچان بۆ سەقامگیری و ئاشتەوایی و حکومی خۆجێی، کە دەبنە مایەی دڵنیابوون لەوەی کاتێك داعش دەبەزێندرێت، هەر بە بەزیندوویی بمێنێتەوە".
لە کۆبوونەوەکەدا لەژێر ناونیشانی "هەڕەشەی سەر کەمینەی ئایینی و نەتەوەیی ژێر دەستی داعش"، بەیان سامی عبدالرحمن، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ويلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمريكا و ئەمیر مەولود بەرپرسی هۆبەی پێکەوەژیانی ئایینەکان لە وەزارەتی ئەوقاف، نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد.
کۆبوونەوەکە لە لایەن باڵیۆزی تایبەتی ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتیی دێڤید ساپەرشتین و راوێژکاری تایبەتی کەمینە ئایینییەکان نۆکس سامسەوە میواندارێتی کرا.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بەدواداچوونە بۆ کۆنفرانسەکەی پاریس کە لە ئەیلولی 2015 ساز کرا و تێیدا لایەنەکان لەسەر پلانێکی کار رێكکەوتن.
بەیان سامی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژێك پێشتر، لەسەر هەمان بابەت ئامادەی کۆبوونەوەیەكی دیكه ببوو، لەگەڵ لایەن و ئەندامانی دهزگاكانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە پرۆژەی ئازادیی ئایینەكان لە زانکۆی جۆرج تاون رێکی خستبوو.
