لە ماوەی پێنج مانگدا زیاتر لە ٥ هەزار کەس لە سوریا کوژراون

لە ماوەی پێنج مانگدا زیاتر لە ٥ هەزار کەس لە سوریا کوژراون
لە دوای تێپەڕبوونی ٥ ساڵ و ٤ مانگ بەسەر دەستپێکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی سوریا کە هاوڵاتیانی مەدەنی قوربانی یەکەمی ئاڵۆزییەکانن، ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئامارێکی سەبارەت بەو لایەنانە بڵاوکردووەتەوە کە لە ماوەی ٥ مانگی ڕابردوودا بەرپرس بوون لە کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە سوریا و بەپێی ئامارەکەش هێزەکانی حکومەتی سوریا لە پشت زۆربەی قوربانییەکانەوەن.

بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەکە لەماوەی نێوان ٢٧ ی شوباتی ڕابردوو تا ٢٧ ی ئەم مانگە
زیاتر لە ٥ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون کە هەزاریان منداڵ و ٦٩٠ یشیان ژنن.

هێزی ئاسمانی و وشکانی سوپای حکومەت لەو ماوەیەدا ٣ هەزار و ٥٥ هاوڵاتیان کوشتووە، کە زیاتر لە ٨٠٠ کەسیان منداڵ و ژنن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، چەکدارانی داعش لە پلەی دووەمدان لە کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و بەرپرس بوون لە کوژرانی نزیکەی ٥٠٠ هاوڵاتی مەدەنی کە زیاتر لە ١٥٠ کەسیان منداڵ و ژنن.

هەر لەو ماوەیەشدا هێزەکانی ڕوسیا نزیکەی ٤٠٠ هاوڵاتییان کوشتووە کە نزیکەی ٢٠٠ یان منداڵ و ژنن.

ڕوانگەکە ڕاشیگەیاند، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا ٣٩٠ هاوڵاتی مەدەنییان کوشتووە کە نزیکەی ٢٠٠ ژن و منداڵ لە نێو کوژراوەکاندان.

ئەگەرچیش فەرماندەیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەفەرماندەیی ئەمەریکا بەردەوام جەخت دەکاتەوە کە هێرشە ئاسمانییەکانیان دژ بە پێگەکانی داعش بەوردی ئەنجام دەدەن، بەڵام
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی هاوپەیمانان ٣٠٠ هاوڵاتی مەدەنیان کوشتووە کە نزیکەی ٢٠٠ کەس لە کوژراوەکان ژن و منداڵن.

دوای ئەوانیش هێزە کوردییەکان دێن کە بەوتەی ڕوانگەکە لەو ماوەیەدا١٨٠ هاووڵاتی مەدەنییان کوشتووە کە ٢٥ ژن و منداڵ لە نێویاندا بووە.
هەرچی بەرەی نوسرەشە کە ناوی خۆی بۆ بەرەی فەتحی شام گۆڕیوە، ١٧ هاوڵاتی مەدەنی کوشتووە کە دوو منداڵ و ژنێک لەنێویاندایە.
تۆڕی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بە پێویستیشی زانیوە ئەنجومەنی ئاسایش لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر دەرکردنی بڕیاری ٢١٣٩ دا سەبارەت بە سوریا، ڕێوشوێنی زیاتر بگرێتەبەر تا چیتر لایەنە ناکۆکەکان بۆردومانی هەڕەمەکی نەکەن و هاوڵاتیان دووچاری کوشتن و کاولکاریی زیاتر نەبن.
Top