نەرویج بەنرخترین دیاریی جیهان پێشكەشی فینلاند دەكات
ساڵی داهاتوو فینلاند 100 یادی ساڵەی ئازادبوونی خۆی دەكاتەوە، بەم بۆنەیەوە وڵاتی نەرویجی دراوسێ و دەستەخوشكی لە گرووپی وڵاتانی ئەسكەندەناڤیا، بڕیار دەدات سنووری نێوان هەردوولا بجوڵێنێ و بەشێك لە خاكی خۆی پێشكەشی فینلاند بكات.
ئیرنا سۆڵبێرگ خانمە سەرۆك وەزیرانی نەرویج بەئێزگەی رادیۆی وڵاتەكەی راگەیاند "هەندێ گرێكۆڵەی رۆتینی هەن و هێشتا نەگەیشتوومەتە بڕیاری كۆتایی، بەڵام بەگشتیی بەنیازین ئەو لوتكەیە بكەینە دیاریی فینلاند".
رۆژنامەی "زە گاردیان"ی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەرچی هێڵی سنوورەكان هەستیارترین بابەتی نێوان وڵاتانن و لەپێناویدا وڵاتان شەڕی گەورەیان قەوماندووە و خوێنی ملیۆنان كەس ڕژاوە، بەڵام ئەو دوو وڵاتە ئەسكەندەناڤیا گۆڕانێكی گەورە لە كولتووری دراوسێیەتی دێننەئاراوە.
ئێستە بەرزترین لوتكەچیای فینلاند دەكەوێتە نێوی ئەجرەد كە بە Hálditšohkka ناسراوە لە چیای هێڵتی، كە 1324 مەتر لە ڕووی دەریاوە بەرزە و بەقووڵایی 200 میل كەوتووەتە نێو بازنەی جەمسەری باكووری گۆی زەوی. بەڵام لوتكەی راستەقینەی هێڵتی كە بەرزییەكەی 1365 مەتر بەرزە، بەقووڵایی 40 مەتر كەوتووەتە نێو سنووری خاكی نەرویجەوە، حكومەتی ئۆسڵۆ بەنیازی پێدانی ئەو لوتكەیەیە بەفینلاند.
جێی باسە بەرزترین لوتكە چیا لەنێو خاكی نەرویجدا كەوتووەتە چیای Galdhøpiggen كە بەرزییەكەی دەگاتە 2469 مەتر لە ڕووی دەریاوە.
فینلاند رۆژی 6/12/2017 ساڵیادی سەدەمینی ئازادبوونی لەدەست رووسیا دەكاتەوە.
باسنيوز
