ئەمریكا هەڵوێستی خۆی لەبارەی جیابوونەوەی بەرەی نوسرە لە قاعیدە ئاشكرا كرد

ئەمریكا هەڵوێستی خۆی لەبارەی جیابوونەوەی بەرەی نوسرە لە قاعیدە ئاشكرا كرد
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: بەرەی نوسرە هێشتا ئامانجی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەو وڵاتەو روسیایە، سەرباری ئەوەی بڕیاریداوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ قاعیدە بپچڕێنێت‌و ناوی خۆی گۆڕیوە بە بەرەی فەتحی شام.

ئەوەش دوای ئەوەی ئەبو محەمەد جۆلانی، رابەری بەرەی نوسرە ئێوارەی ئەمڕۆ جیابوونەوەی گروپەكەی لەرێكخراوی قاعیدە راگەیاند‌ و ناوی رێكخراوە نوێیەكەشی ئاشكراكرد.

جۆلانی لەوتارێكی راستەوخۆدا كە لەڕێی تەلەڤزیۆنی ئۆرێنت-ەوە پەخشكرا ئاشكرایكرد، لەمەودوا هەوڵدەدەن لەگەڵ گروپەكانی تر لەسوریا یەكبگرن‌و وتی، ناوی بەرەی نوسرە دەگۆڕن بۆ "بەرەی فەتحی شام".

لەوبارەیەوە جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبەیاننامەیەكدا كەئەمشەو بڵاوكرایەوە رایگەیاند: ئەوەی بەرەی نوسرە ئەنجامیداوە تەنها گۆڕینە لە"ناو"دا و ئەمریكا لەسەر رەفتارو ئامانج و بڕواكەی بڕیاری لەسەر دەدات.

هاوكات جۆش ئێرنست وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند: هەڵسەنگاندنی ئەمریكا بۆ بەرەی نوسرە نەگۆڕاوەو بەئێستاشەوە كە ئەو بەرەیە ناوی خۆی گۆڕیوە هەڕەشەی تیرۆرستییە لەسەر وڵاتەكەیی‌و ئەوروپا.

ئەبو محەمەد جۆلانی، لەوتارەكەیدا ئەوەی روونكردەوە كە كە رێكخراوە نوێیەكەیان هیچ پەیوەندییەكی دەرەكی نییە‌و ئامانج لەو هەنگاوەیان "بۆ بەرژوەندی گشتی و پێویستی پارێزگاریكردن لە جیهادی شام و سوككردنی باری سەرشانی ئەهلی شام و نەهێشتنی بیانووە نێودەوڵەتییەكانە بۆ هێرشكردنە سەر شوێنە مەدەنییەكان بەبیانووی بەئامانجكردنی بەرەی نوسرە".

ئەوەش دوای ئەوەدێت، ئەیمەن زەواهیری سەرۆكی رێكخراوی قاعیدە ئەمڕۆ داوای لەبەرەی نوسرە كرد، پەیوەندیە رێكخستنییەكانی لەگەڵ رێكخراوەكەدا ببڕێت، ئەگەر بۆ پاراستنی یەكگرتووی خۆیی‌و بەردەوامی شەڕەكانی لەسوریا پێویست بوو.

بەرەی نوسرە كۆتایی ساڵی 2011 و لەسەروبەندی رووداوەكانی سوریا دامەزرا، ئەو بەرەیە لقی رێكخراوی تیرۆرستی قاعیدە بوو لەسوریا.

لەیەكەم بەیاننامەشدا كەلە24ی كانونی دووەمی 2012 بڵاویكردەوە بەرەی نوسرە داوای لەهاوڵاتیانی سوریا كرد جیهاد دژی رژێمی سوریا ئەنجام بدەن، لەهەمان ساڵدا ئەو بەرەیە وەك رێكخراوێكی تیرۆرستی لەلایەن ئەمریكاوە ناسێنرا.

لەماوەی چەند ساڵی تەمەنیشیدا چەكدارانی بەرەی نوسرە چەندین كردەی خۆكوژییان لە حەلەب و دیمەشق ئەنجامداوە كە بەشێك لەقوربانییەكانیان هاوڵاتی مەدەنی بوون.

بەرەی نوسرە یەكێك بوو لەو رێكخراوانەی كە لەلایەن ئەمریكا و رووسیا لەو ئاگربەستە دوورخرایەوە كەلەمانگی شوباتی ئەمساڵدا لە سوریا راگەیەندرا.



خەندان-
Top