لە سی ساڵدا سێ سەرۆك شارەوانی ئیلام گۆڕدراون
لە سێ ساڵی رابردوودا، سێجار سەرۆکی شارەوانی ئەو شارە بە بڕیاری ئەنجوومەنی شار گۆڕدراوە. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی، زۆربەی کاتی ئەنجوومەنی شار بە لێپرسینەوە و لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی شارەوانییەکان و گەڕان بەدوای کەسێکی دیکەدا تێپەڕێت.
ئیلام 11 ئەندامی ئەنجوومەنی شاری هەیە. ئەوان سەرەتای ئەم هەفتەیە بەهۆی وەڵامنەدانەوە بە پرسیارەکانیان، سەرۆکی شارەوانی ئیلامیان لەسەرکار لادا، بەڵام دانیشتووانی ئیلام دەڵێن ململانێی نێوان ئەنجوومەنی شار و شارەوانی لەسەر ئەوان کەوتووە و خەڵک و گەشەکردنی ئیلام قوربانی سەرەکی ململانێی نێوان ئەوان.
بەگوتەی دانیشتوویەکی ئیلام، ئەو دوو دامەزراوە ململانێی نێوان ئەنجوومەنی شار و سەرۆکایەتی شارەوانی پەیوەندی بە کێشەکانی خەڵکەوە نییە، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە کە ئەو بەڵێنانەی سەرەتا سەرۆک شارەوانییەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی شار پێکەوە دایدەنێن چەند مانگ زیاتر درێژە ناکێشێت. هەرکاتیش ئەندامانی ئەنجوومەنی شار بزانن، کە سەرۆکی شارەوانی لە قسەیان دەرچووە و بەڵێنەکانی ناباتە سەر هەوڵی لابردنی دەدەن.
بەهۆی ئەو ململانێیانە لە چەند ساڵی رابردوو کەمترین خزمەتگوزاری بۆ شاری ئیلام دابینکراوە.
بەگوتەی شارەزایەکی بواری شارسازی، ئیلام لەڕووی ستانداردەکانی شارییەوە کێشەی ناستانداردبوونی شەقام و کۆڵانەکان، ترافیک، ئاو و ئاوەڕۆ، سەوزایی و ناڕێکبوونی گەڕەکەکانی هەیە.
شارەوانی ئیلام بەوەش تۆمەتبار دەکرێت، کە پلانێکی تۆکمە و بنەمایی بۆ گەشەپێدانی شارەکە و رێکخستنی گەڕەکەکانی قەراخ شار نییە و داهات و خەرجییەکانی ناڕوونە.
ئەندامانی ئەنجوومەنی شار، کە بەدەنگی راستەوخۆی خەڵک هەڵدەبژێردرێن و لانیکەم چوار ساڵ جارێک دەبێ وەڵامی دەنگی متمانەی خەڵک بدەنەوە، دەڵێن ئەو کەسانەی وەکو شارەوانی ئیلام هەڵیانبژاردوون، نەیانتوانیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئیلام بەردێک لەسەر بەردێک دابنێن، بۆیە ناچارن بیانگۆڕن تاوەکوو دەگەن بە کەسێک کە هەم وەڵامدەری ئەوان بێ و هەمیش لە خەمی چارەسەرکردنی کێشەکاندا بێت.
بەڵام خەڵک رەخنە لە خۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری ئیلامیش دەگرن. ئەوان بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە بەر لەوەی کە خەمی خزمەتکردنی خەڵکیان لەبەر بێت، بە دۆخی ماددی خۆیان رادەگەن.
رووداو -
