نرخی نەوتی خاو زیاتر دابەزی
دوێنێ نرخی نەوتی خاو بەڕێژەی زیاتر لە 3% دابەزی و نزمترین نرخی لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا تۆماركرد، بەپێی ڕۆیتەرز تا كاتژمێر 9:19 خولەكی ئەمشەو(بەكاتی هەرێم) نەوتی خاوی مام ناوەندی ڕۆژئاوای تەكساس 52 سەنت دابەزیوەو بەرمیلێكی بە 41 دۆلار و 40 سەنت فرۆشرا لەكاتێكی پێشووتری ئەمڕۆشدا گەیشتە 41 دۆلار و 29 سەنت كە ئەوەش نزمترین نرخە لە 20ی نیسانی ڕابردوەوە كە تۆماركرابێت.
هەروەها نەوتی خاوی برنت 53 سەنت یان %1.2 دابەزی و بەرمیلێك نەوتی خاوی برنت بە 42 دۆلار و 94 سەنت فرۆشرا، دوای ئەوەی لەكاتێكی پێشووتری ئەمڕۆدا گەیشتە 42 دۆلار و 81 سەنت كە ئەوەش نزمترین نرخە لە 20ی نیسانی ڕابردوەوە كە تۆماركرابێت.
هۆكاری دابەزینی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ كەڵەكەبوونی گازوایلی عەمباركراوی ئەمریكی بەجۆرێك دوێنێ ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریكا (EIA) داتاكانی خۆی بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند، نەوتی عەمباركراوی ئەمریكی لە هەفتەی ڕابردوودا دابەزیوە بۆ ( 1.7) ملیۆن بەرمیل لەكاتێكدا پێشبینی دەكرا بۆ (2.3) بەرزببێتەوە، بەڵام عەمباری گازوایل بۆ (452) هەزار بەرمیل بەرزبۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی لەوەرزی هاویندا بڕێكی زیاتر گازوایل لەلایەن شۆفێرانەوە بەكاردەهێنرێت، لەكاتێكدا پێشبینی دەكرا تەنها بۆ (40) هەزار بەرمیل زیادبكات.
ئەوەی ئەمڕۆش زیاتر نرخی نەوتی خاوی دابەزاند بڵاوكردنەوەی داتایەك بوو لەلایەن كۆمپانیای جێنس كەیپ بۆ زانیاری بازاڕ كە ڕایگەیاند: نزیكەی 328 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریكی گەیشتۆتە عەمباری كیوشین لە ویلایەتی ئۆكلاهۆما.
سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوتی خاو لەماوەی ڕابردوودا، بەڵام هێشتا نرخەكانی نەوتی خاو بەڕێژەی %60 بەرزترە لە كەمترین نرخ كەلەماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا تۆماركرابێت كە لەچارەكی یەكەمی ئەمساڵدا نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو گەیشتە 26-27 دۆلار، بەڵام وردە وردە نرخەكان بەرزبونەوە و لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو گەیشتە 50 دۆلار.
دوێنێش تاریق زاهیر، بازرگانی نەوتی خاو هەروەها بەڕێوەبەری كۆمپانیایەكی ڕاوێژكاری لە نیویۆرك ڕایگەیاند"ڕەنگە لەچەند رۆژو هەفتەی داهاتوودا نرخی نەوت بگەڕێتەوە بۆ 40 دۆلار".
بەڵام هێشتا هەندێك گەشبینن بەرامبەر بە نرخەكانی نەوتو شرۆڤەكارانی كۆمپانیای گۆڵدن ساكس دەڵێن بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەوان هاوسەنگی نێوان خواستو خستنەڕووی بازاڕی نەوت وایان لێدەكات پێشبینی بكەن نرخەكانی نەوت هەتا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو لەنێوان 45-50 دۆلاردا بمێنێتەوە.
